پرس میدیا
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند كە موفتی بەناو ویلایەتی كەركووك سەربە داعش لە باشووری رۆژئاوای پارێزگای كەركووك باكووری عێراق دەستگیركراوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، پشت بەستن بە زانیارییەكانی هەواڵگریی، هێزەكانی ئاژانسی هەواڵگریی لە پۆلیسی فیدرال سەربە وەزارەتی ناوخۆ، "گەورە تیرۆریستێكیان" لە ناحیەی رەشاد باشووری رۆژئاوای پارێزگای كەركووك دەستگیركردووە كە بەپێی ماددەی چواری تیرۆر بەتۆمەتی ئەندامبوون لە داعش، داواكراوە.
لە راگەیەندراوەكە ئاماژە بەوەدراوە ئەو چەکدارەی دەستگیركراوە وەك موفتی داعش لە بەناو یلایەتی كەركووك/ رەشاد كاری كردووە.
باسی لەوەشكردووە دەستگیركراوەکە لە میانی لێكۆڵینەوە بەراییەكاندا، دانی بەوەداناوە كە ئەندامی رێكخراوی داعشە و چەندینجار پاڵپشتیی لۆجستی پێشكەش بە تیرۆریستانی داعش كردووە، هەروەها دەركەوتووە كە دوو برا و ئامۆزایەكی لەنێو رێكخراوی داعش دان و خۆشكێكیشی هاوسەری یەكێك لە ئەمیرەكانی داعشە لە بەناو ویلایەتی كەركووك.
لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو چەکدارە دوای وەرگرتنی وتەكانی، بەمەبەستی تەواوكردنی لێكۆڵینەوەكان رەوانەی لایەنی پەیوەندیدار كراوە.
No comments:
Post a comment