نرخی تمەنی ئێرانی بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و لە ماوەی ٤٨ کاتژمیردا هەر زیاتر لە ٣٠٠ هەزار تمەن بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێک سەرکەوت.
ئەندامێکی کۆمیسیۆنی پیشەسازی و بازرگانیی پەرلەمانی ئێران رایگەیاندووە، هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی تمەن ئازادکردنی ئەو پارە بلۆککراوانەی ئێرانە کە لە عێراق راگیرابوون.
عەلی ئەکبەر کەریمی ئەندامی کۆمیسیۆنی پیشەسازی و بازرگانیی پەرلەمانی ئێران رایگەیاندووە، دوای سەردانی سەرۆکی بانکی ناوەندی ئێران بۆ بەغدا، حکومەتی عێراق بەشێک لە پارە بلۆککراوەکانی ئەو وڵاتەی ئازادکردووە.
بەپێی زانیارییەکان ئێران 5 ملیار دۆلار پارەی لە عێراق هەیە کە بەشێکی قەرزی کارەبا و گاز و بەشێکیشی پارەی خۆیەتی کە لە بانکەکانی عێراق دانراوە و بەغدا بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە دەستی بەسەردا گرتووە.
بەپێی بازاڕی بۆرسەی دراوی سلێمانی بەهای تمەن بەرانبەر دۆلار ئەمڕۆ بە دوو ملیۆن ٨٥٠ هەزار تمەن بەرانبەر هەر ١٠٠ دۆلارێک بووە، لە کاتێکدا لە دوو ڕۆژی ڕابردوو سەرو ٣ ملیۆن ١٠٠ هەزار تمەنەوە بوو.
No comments:
Post a Comment