پرس میدیا
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ٤ی تشرینی یەکەمی٢٠٢٠ تەقینەوەیەک لەناو بارەگای هێزەکانی حەفتا لە ناوچەی تاسڵوجەی شاری سلێمانی روویدا.
تەقەینەوەکە لە کۆگایەکی لیوای ١٤٠ سەربە هێزەکانی ٧٠ لە سلێمانی روویدا، وتەبێژ و لێپرسراوی راگەیاندنی فەرماندەیی یەکەی ٧٠ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا دەربارەی تەقینەوەکە رایگەیاند، تا ئێستا هۆکارەکەی نادیارە و زیانی گیانیشی لێ نەکەوتووەتەوە.
ئەحمەد لەتیف وتەبێژی فەرماندەیی هێزەکانی ٧٠، رایگەیاند "ئەم بەیانییە کاتژمێر ١٠:٥٠ خولەک، تەقینەوەیەک لە کۆگایەکی بچووکی ئێمە روویداوە کە تەنها تەقەمەنی تێدایە، ئەو تەقەمەنیانەش زۆرینەیان لەوانەن کە بەکار نایەت و شیاونین بۆ بەکارهێنان".
وتیشی: "لە تەقینەوەکەدا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە تەنها یەک پێشمەرگە لە میانی دوورکەوتنەوە لە رووداوەکە کەوتووە و قاچی بریندار بووە، یەک دوو ئوتومبیلیش بەهۆی ئاگرەکەوە سووتاون و هیچ زیانێکی دیکەمان نییە، زیانەکان تەنها سووتانی کۆگاکە و ئەو پووش پاوانەیە کەبەهۆی رووداوەکەوە سووتاون".
دەربارەی هۆکاری تەقینەوەکە عەمید ئەحمەد لەتیف وتی: "هۆکارەکەی تا ئێستا نازانرێت چییە، لیژنەی لێکۆڵینەوەمان پێکهێناوە هەرکات گەیشتینە ئەنجامێک بە ئاشکرا رایدەگەینین کە هۆکاری تەقینەوەکە چی بووە".
لێپرسراوی راگەیاندنی فەرماندەیی یەکەی 70 دەربارەی ئەو تەقەمەنیانەی لەو کۆگایەدا بوون کە تەقینەوەکەی تێدا روویداوەگوتی: "هەموو تەقەمەنییەک ماوەیەکی رێپێدراوی هەیە بۆ بەکارهێنان کە لەو ماوەیە تێپەڕی دەخرێتە لاوە و بەکارناهێندرێت، ئەو کۆگایەی ئەمڕۆ تەقینەوەکەی تێدابووە لەو تەقەمەنیانەی تێدایە".
وتیشی: "لە هەر شوێنێک تەقەمەنی هەبێت ئەگەری ئاگرکەوتنەوە و ئەم جۆرە رووداوانە هەیە".
No comments:
Post a comment