ھێزەکانی پێشمەرگە ئۆپەراسیونێکی فراوانیان لەناوچەی گوندەکانی شێخ بزێنی سەربە ناحیەی شوان باکووری پارێزگای کەرکووک ئەنجامدا.
فەرماندەی میحوەری کەرکووک لیوا ھیوا عەبدوڵا بە میدیاکانی راگەیاند: "ئەم شوێنەی ئێمەی تێداین سێ گەنجی کوردی تێدا شەھید بووە و ئەویش دۆخێکی خراپی بۆ دانیشتووانی ئەم ناوچەیە دروست کردووە".
ئەو فەرماندەیەی هێزەکانی پێشمەرگە راشیگەیاند: "ئەم سنوورە دەکەوێتە نێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکان و نەبوونی ھەماھەنگی و رێککەوتنی نێوان پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان وایکردوە جموجۆڵی چەکدارانی داعش زیاتربێ".
زیادبوونی جموجۆڵی چەکدارانی داعش لەو ناوچانە و رووداوی کوشتن و دواتر سوتاندنی سێ ھاووڵاتی کە دانیشتووی گوندی شەوگێڕی سنوورەکە بوون لە هەفتەی رابردوودا، دڵەڕاوکێی لای ھاووڵاتیانی سنوورەکە دروستکردبوو.
سنووری شێخ بزێنی دەکەوێتە نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان.
بە گوتەی خەڵکی ناوچەکە چەکدارانی داعشی بە بەردەوامی لە گوندەکانی شەوگێڕ و توڵکی و عەمدۆن و دەرماناو قەرەسالم جموجۆڵیان هەیە و ئەوەیش بە هۆی بۆشاییەکی ئەمنی کە لە نێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچەیە هەیە.
No comments:
Post a Comment