پرس میدیا
عێراق و فەڕەنسا سێ یاداشتنامەیان لە بوارەکانی گواستنەوە، کشتوکاڵ و فێرکردن واژوو کرد یەکێک لە رێککەوتنەکان دامەزراندنی هێڵی شەمەندەفەری هەڵواسراوە لە بەغدا.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە وەزیری کشتوکاڵی عێراق یاداشتنامەیەکی لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵ و خۆراکی فەڕەنسا واژووکردووە، ئەوەش بە ئامانجی پتەوترکردنی توانای دامەزراوەکانی سەربە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق.
هەروەها باسی لەوەکردووە کە وەزیری گواستنەوەی عێراق، یاداشتنامەیەکی تایبەت بە دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەری هەڵواسراو لە بەغدای پایتەخت لەگەڵ هاوتا فەڕەنسییەکەی واژووکردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە حەمید غززی ئەمینداریی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بە نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق یاداشتنامەیەکی لەگەڵ وەزیری خوێندانی باڵای فەڕەنسا بە ئامانجی پتەوترکردنی هاوکارییەکانی هەردوولا لە بواری فێرکردن واژووکردووە بۆ ئەوەی بتواندرێت زۆرترین ژمارەی قوتابیی عێراقی لە زانکۆکانی فەڕەنسا وەربگیرێن.
ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ یەکشەممە ١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی بە هاوڕێیەتی وەفدێکی باڵای حکوومی گەیشتە فەڕەنسا.
No comments:
Post a comment