پرس میدیا
حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیاندراوێکدا ئیدانەی سووتاندنی ئاڵای کوردستان و هێرش بۆ سەر بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات.
لە راگەیەندراوەکەدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە کە، "پاراستنی بارەگای حزبەكان و نوێنەرایەتیی وڵاتان لە ئەستۆی حکوومەتە" و هاتووە: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە تووندى سووتاندنی ئاڵای كوردستان و هێرشی سەر بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا شەرمەزار دەكات.
هەروەها هاتووە، "هەر جۆرە هێرش و دەستدرێژییەك لە لایەن هەر كەس و گرووپێكەوە بۆ سەر سیمبۆلەكانی هەرێمی كوردستان و حزبە سیاسییەكانی جێگەی قبووڵكردن نییە".
راشیگەیاندووە کە "پێویستە حكومەتی فیدراڵ رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی بارەگای حزبەكان و نوێنەرایەتیی وڵاتانی بیانی لە بەغدا وهەر شارێکی دیکە لە هێرشی هەر گرووپێکی لە یاسا دەرچوو بگرێتەبەر".
حكوومەتی هەرێمی كوردستان راشیگەیاندووە کە بە مافی خۆی دەزانێت هەموو رێوشوێنێكی یاسایی و رێگەپێدراو بۆ پاراستنی هاووڵاتییان و دەستكەوتەكانی و ڕێزگرتن لە ئاڵای كوردستان بگرێتەبەر و داواشی لە حكوومەتی فیدراڵ کردووە، رێوشوێنی یاسایی بگرێتەبەر وهێرشکاران بە سزای خۆیان بگەیەنن.
No comments:
Post a comment