پرس میدیا
ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی داوا لهسهرجهم مامۆستایان دهكەن پابەندی هیچ جۆرە خوێندنێک نەبن و بایکۆتی خوێندنی ئەلیکترۆنی و ناو خوێندنگە بکەن.
ئەمڕۆ هەینی ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠، ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی راگەیەندراوێکی لەبارەی دەستپێکردنەوەی خوێندن لە قوتابخانەکاندا بڵاوکردەوە.
لە بەشێکی راگەیەندراوەکەدا هاتووە و تیایدا هاتووە "بەداخەوە وەزارەتی پەروەردە و وەزیرەکەی بیر لە بینا و دار و بەرد و قەڵەم و دەفتەر دەکاتەوە، بەڵام مامۆستایان وەکو پێکهێنەری سەرەکی پەروەردە پشتگوێ دەخەن و گوێ بۆ داوا رەواکانیان ناگرن."
مامۆستایانی ناڕازیی دەڵێن" بە ئەلیکترۆنی کردنی خوێندن بە زیانی پڕۆسەی پەروەردە تەواو دەبێت و تەنیا بۆ خۆدزینەوەیە لە داوا رەواکانی مامۆستایان، هاوکات خزمەتکردنە بە خوێندنگە ئەهلییەکان و بەشێکە لە پڕۆسەی بە پارەکردنی خوێندن و دەبێتە هۆی زیاتر پەراوێزخستنی خوێندنی حکومی."
ئەوەشیان ئاشکرا کردووە "وەزارەتی پەروەردە نایەوێت پڕۆسەی پەروەردە بەشێوەیەکی تەندروست بەڕێوەبچێت تەنها دەیەوێت لە رووی دەزگا راگەیاندنەکان بڵێت، دەرگای خوێندنگاکان کراونەتەوە و پڕۆسەی خوێندنی ئەلیکترۆنیمان هەیە، ئەگەر نا لە شارەکانی هەولێر و دهۆکیش بایکۆتێکی رانەگەیەنراو هەیە و زۆربەی قوتابیان و مامۆستایان پابەندی خوێندنی ئەلیکترۆنی نابن و پەیڕەوی ناکەن."
دەشڵێن، "داواکارین لە سەرجەم مامۆستایان پابەندی هیچ جۆرە خوێندنێک نەبن و بایکۆتی خوێندنی ئەلیکترۆنی و ناو خوێندنگە بکەن، تا ئەوساتەی دەسەڵاتدارانی هەرێم وەڵامی داواکاری مامۆستایان دەدەنەوە."
No comments:
Post a Comment