پرس میدیا
کاوە محەمەد
ھێشتا (شێروان شێروانی)ی چالاکوان ئازادنەکراوە، کەچی ئەمڕۆ چەند چەکدارێکی حکومەتە پۆلیسییەکەی ھەرێم، چوونەتە سەر ماڵی مامۆستا (شڤان سەعید بەروشکی) و لەناو ماڵەکەی خۆی و بە بەرچاوی ژن و منداڵەکانی لەگەڵ خۆیان راپێچیانکردووە.
ئەم رەشبگیرییەی ئێستای بادینان و ھەولێر، زنجیرە تیرۆرکارییەکانی ساڵانی سەرەتای نەوەدەکانمان بیردێنێتەوە کە لەبادینان ھەرچی دەنگێکی جیاواز و رەخنەگر ھەبوون تیرۆریان دەکردن و تەواوی دەڤەرەکەیان پڕکردبوو لەترس و تۆقاندن.
ئەوەی ئێستا لەوێ بەڕێوەدەچێت، ھەمان عەقڵیەت و حزب و دەسەڵاتە کە لەنەوەدەکاندا (رەئوف ئاکرەیی و رێناسی زەحمەتکێشان و یوسف تۆما شابۆ) و چەندین ئازادیخوازی دیکەیان بە کوشتن و سەرکوتکاری بێ دەنگ کرد،
بەڵام جیاوازییەکە لەوەدایە؛ ئەوسا لەدەرەوەی ھێزە سەرکوتکارەکەی بادینان، ھێز و حزبی دیکە ھەبوون دژ و ناڕازیبوون و چەند دەنگێک ھەبوون کە بەرەنگارییەکیان نیشاندەدا، بەڵام ئەمڕۆ بەداخەوە ھیچ دەنگێکی بەرز و جدیی دژ بەو کارە دژە ئازادییانە نابیسترێت و زۆربەی لایەنە سیاسییەکان، وەک رووداوی زۆر ئاسایی، بەدیارییەوە دەستیان بەخۆیاندا شۆڕکردووەتەوە،
بۆیە ئەمڕۆ تەواوی حزبە بەشداربووەکانی حکومەت لەوەدا بەرپرسیارن و ھەرگیز ناتوانن شانی ئارداوی خۆیان لەو بەرپرسیارێتییە بتەکێنن.
ئاخر ئەم کارە سەرکوتکارییانە زۆر لەو گەندەڵی و راورووتە مەترسیدارترە کە ئەو دەنگە ئازادانە و ھی دیکەش بەردەوام قسەیان لەسەردەکەن، چونکە کە ئازادی نەما، دەبێ نوێژی مردوو لەسەر لاشەی چاکسازیی بخوێنین.
No comments:
Post a Comment