پرس میدیا
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست پرس میدیا کەوتوون، هاتووچۆ لە نێوان شارەکانی هەرێم و کەرکووک راگیراوە و رێگە بە هاتووچۆی هیچ ئۆتۆمبێلێک نادرێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پرس میدیای راگەیاند کەمێک پێش ئێستا هاتووچۆی نێوان کەرکووک و پارێزگاکانی هەرێم راگیراوە، جگەلەوەش لە تەواوی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی عێراقەوە رێگە نادرێت هاتووچۆ بۆ شارەکانی هەرێم ئەنجام بدرێت.
بەپێی زانیارییەکان هێزێکی زۆری ئەمنی لە ناو شاری کەرکووک بڵاوەی پێکراوە و بە تایبەت لە گەڕەکە کوردییەکانی شارەکە.
لەوبارەوە کامیل جەلال کارگێڕی دەڤەری کەرکووکی هاوپەیمانی نیشتیمانی بە پرس میدیای وت، هێزەکانی پۆلیس و لیوای ٦١ی سوپای عێراق بازگەی کاتییان لە ناو گەڕەکە کوردییەکان داناوە، باسی لەوەشکرد کە هێزە ئەمنییەکان لە ئێوارەی ئەمڕۆوە مەفرەزە دەورییەکانیان لە گەڕەکە کوردییەکان زیاد کردووە.
ئەنجامدانی ئەو رێکارە ئەمنییانە بەدوای هێرشی لایەنگرانی حەشدی شەعبی بۆ سەر بارەگای پارتی لە بەغدا دێت کە تێیدا ئاڵای کوردستان سوتێنرا و وێنەکانی مەلا مستەفا بارزانی و مەسعود بارزانی سووکایەتییان بەرانبەر کرا.
No comments:
Post a Comment