بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ بەشێک لە مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی مانگرتنیان راگەیاند.
ئەو مامۆستایانە دەڵین بەهۆی دابەشنەکردنی زەوی کە پێشتر بڕیار بووە بەسەریاندا دابەش بکرێت، بایکۆتی دەوامیان راگەیاندووە و هۆڵەکانی خوێندنیان بەجێهشتووە.
بەپێی زانیارییەکانی پرس میدیا ئەو پارچە زەوییانەی کە موڵکی زانکۆی سلێمانی بووە و بڕیاربووە بە مامۆستایانی زانکۆکە بدرێت ئێستا دراونەتە چەند کۆمپانیایەک و تیایدا پرۆژەی شاری نیشتەجێبون دروست دەکرێت.
مامۆستایەکی بەشدار لە بایکۆتی مامۆستایان بە پرس میدیای وت، لە راستیدا دابەشنەکردنی زەوی بەسەر مامۆستایاندا هۆکارێکی بایکۆتەکەیە، گەرنا مامۆستایان لە دابەشنەکردنی مووچە لەکاتی خۆی، بێسەروشوێنکردنی مووچەی پێنج مانگ و بڕینی بەشێکی مووچەکان هۆکارن بۆ بایکۆتی مامۆستایان.
ئەو مامۆستایە پێی باش نەبوو ناوی بهێنرێت وتی، فشارێکی زۆر لە سەر مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی دروستکراوە تا بگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن، بەوپێیەی پێشتریش ژمارەیەکی دیکەی مامۆستایان بەهۆی دابەشنەکردنی مووچەکانیانەوە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە، مامۆستایانی قوتابخانەکانیش لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە مانیان گرتووە و ناچنە هۆڵەکانی خوێندنەوە.
No comments:
Post a comment