پرس میدیا
دەربارەی بە ڕوداوەكەی شەوی ڕابردووی هەولێر سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، "ئەو هێرشە دەستدرێژییە بۆ سەر خەڵکی هەرێمی کوردستان".
لە ڕاگەیەندراوێكدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەبارەی هێرشەكانی شەوی ڕابردووەوە ئەوەی خستەڕوو، "کاتژمێر 8.30ی شەوی ڕابردوو گروپێکی تێکدەر شەش موشەکی لە ناوچەی بەرتڵەی پارێزگای موسڵەوە، ئاراستەی بنکەی هاوپەیمانان لە هەولێر کرد، خۆشبەختانە هیچ زیانێکیان نەبوو".
سەرۆكی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد، "لەکاتێکدا ئەو هێرشە بە دەستدرێژی بۆ سەر خەڵکی هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانەکانی لە شەڕی دژی تیرۆردا دەبینین، لە هەمان کاتدا لەو باوەڕەداین كه دەبێت هەموو هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، هەوڵەکانیان بکەنە یەک بۆ ڕێگرتن لە هەموو کارێکی تێکدەرانەی هەموو گروپە ئاژاوەگێڕ و تێکدەرەکان".
نێچیرڤان بارزانی جەختیشی کردەوە، "دەبێت قوربانییەکانی پێشمەرگە و هەموو هێزە عێراقییەکان و هاوپەیمانان هاندەرمان بن بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیريی هەموو عێراق و هەموو باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەکانی جیهان لە عێراق، هەروەها دەبێت بە باشترین شێوە هەوڵی هێنانەکایەی سەقامگیری بدەین لەو دۆخە خراپە ئابوریيەی بەهۆی پهتاى ڤايرۆسى کۆرۆناوە بەسەر خەڵکی وڵاتەکەمان و جیهاندا هاتووه".
لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەیدا سەرۆكی هەرێم ڕوونیکردەوە، "ئەوانەی هێرشی تێکدەرانە ئەنجام دەدەن دوژمنی هەموو عێراقن و دەبێت هەموو هێزە عێراقییەکان بە یەکدەستی بهرهنگاريان ببنەوە و ڕووبهڕووى ياسا بكرێنهوه، ئێمەش بەمەبەستی دروستکردنی ئەو هەماهەنگییە لهگهڵ مستهفا كازمى، سهرۆكوهزيرانى عێراق ئامادەی هەموو هاوکارى و پشتگيرییەکین كه دڵنياين لهپێناو ئارامى و سهقامگيردا ههموو ههوڵێك دهدات".
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق