وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، پێدانی مووچەی فەرمانبەران لە عێراق بەندە بە پەسندکردنی پرۆژەیاسای وەرگرتنی قەرز لەلایەن پەرلەمانەوە.
عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق، بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاند، مووچەی ئەم مانگەی خانەنشینکراوان دابەشکراوە و دەڵێت "لە چەند رۆژ و هەفتەی داهاتوو دەست بە پێدانی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران دەکرێ".
وەزیری دارایی عێراق راشیگەیاندووە، ئەگەر پەرلەمان پرۆژەیاسای وەرگرتنی قەرز پەسند بکات، ئەوا پارەی پێویست بەردەست دەبێ و دەتوانن مووچە دابەش بکەن.
لە بارەی پڕۆژە یاساکەوە وتوویەتی "پرۆژەکە زۆر گرنگە، چونکە پێداویستییە داراییەکانی دەوڵەت دابین دەکات و کورتهێنانی بودجە چارەسەر دەکات".
ئەمە لە کاتێکدایە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، چوارشەممەی رابردوو ٣٠ی ئەیلوول، پڕۆژەیاسای وەرگرتنی قەرزی دیکەی ناوخۆیی پەسەندکرد و ڕەوانەی پەرلەمانی کرد، بەڵام هێشتا دیار نییە کەی پەرلەمان ئەو پرۆژەیاسایە پەسند دەکات.
No comments:
Post a Comment