پرس میدیا
ئاژانسی فەرمی هەواڵی تورکیا بڵاویکردەوە، دەزگای هەواڵگریی ئەو وڵاتە بە هاوکاری هێزەکانی ئاسایشی باکوری عێراق ئەندامێکی پەکەکەیان دەستگیرکردووە.
ئاژانسی ئەنادۆل ئاماژەی بەوەکردووە، کە ئەو ئەندامەی پەکەکە ناوی فەرهات تەکینە و تۆمەتبارە بەوەی ساڵی ٢٠١٦ بەشداریکردووە لە هێرشێک بۆ سەر سەربازانی تورکیا لە شاری قەیسەری.
ئاژانسەکە باسی لەوەشکردووە، کە ئەو ئەندامەی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ تورکیا گواستراوەتەوە.
بەرپرسان و میدیای فەرمی تورکیا هەرێمی کوردستان وەک باکوری عێراق ناودەبەن، بەڵام لە هەواڵەکەی ئەنادۆڵدا رووننەکراوەتەوە کە میتی تورکی ئەو ئەندامەی پەکەکەی لە چ ناوچەیەک و بە هاوکاری چ هێزێکی ئەمنی هەرێم دەستگیرکردووە و کات و زانیاری زیاتری لەو بارەیەوە رانەگەیاندووە.
تائێستا پارتی کرێکارانی کوردستان بە فەرمی لەبارەی ئەو هەواڵەی ئەنادۆڵەوە هیچ لێدوان و راگەیەنراوێکی بڵاونەکردووەتەوە.
ساڵی ٢٠١٦ لە هێرشێکدا بۆ سەر پاسێکی سەربازانی تورکیا لە قەیسەری ١٥ سەرباز کوژران و ٥٤ی دیکەش برینداربوون.
No comments:
Post a Comment