مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەمریکا دوو هەزار و ٥٠٠ سەربازی لە وڵاتەکەی کشاندووەتەوە و وتی واشنتۆن بە بەغدای راگەیاندووە کە بێزار و نیگەرانە لە کردنە ئامانجی نێردە دیبلۆماسییەکان.
مستەفا کازمی لە دیدارێکی تەلەڤیزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی عێراقییە رایگەیاند، لە گفتوگۆی ستراتیجی لەگەڵ ئەمریکا دەستکەوتی گەورەمان بەدەستهێنا.
کازمی وتی: "رێککەوتن کرا لەسەر دووبارە بڵاوەپێکردنی هێزەکانی ئەمریکا و دەرچوون لە بنکە سەربازییەکان لە عێراق، لەوکاتەشەوە دوو هەزار و ٥٠٠ سەربازی ئەمریکی گواستراونەتەوە بۆ دەرەوەی عێراق".
وتیشی: "بەر لە گەشتەکەم بۆ واشنتۆن لەگەڵ سەرجەم هێزە سیاسییەکان کۆبوومەوە، هەندێکیان داوایان لێکردم لەبارەی کشانەوەی ئەمریکا لەماوەی هەشت ساڵدا دانوستانیان لەگەڵدا بکەم، من دانوستاندنم لەگەڵدا کردن و توانیمان سێ ساڵ بەدەستبهێنین".
لە ساڵی ٢٠١٤دا، ئەمریکا لەسەر داوای حکوومەتی عێراق نزیکەی پێنج هەزار سەربازی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە بنکە سەربازییەکانی عێراق جێگیرکرد.
لەبارەی داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق وتی: "واشنتۆن بە بەغدای راگەیاندووە کە بێزار و نیگەرانە لە کردنە ئامانجی نێردەکانی دیپلۆماتی لە عێراق بەهۆی هێرشە مووشەکییەکان".
کازمی ئاماژەی بەوەشکرد کە داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، عێراق دووچاری قەیرانی راستەقینە دەکات و لێکەوتەی ترسناکی دەبێت، ئەوەش دەبێتە هۆی داڕمانی راستەوخۆی ئابووری، چونکە زۆربەی یارمەتییە داراییەکان بۆ عێراق لەرێگەی ئەمریکاوەیە.
لەبارەی هێرشە مووشەکییەکانی سەر ناوچەی سەوز و کوشتنی خۆپیشاندەران کازمی ئاشکرای کرد لەوبارەیەوە لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە و لیژنەکان کاری خۆیان دەکەن و دوای تەواوکردنی کارەکانیان، ئەنجامەکەی ئاشکرا دەکەن.
No comments:
Post a comment