راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا رایگەیاند بۆیان دەرکەوتووەکە ئێران و رووسیا، چین و چەند وڵاتێکی دیکەش ھەوڵدەدەن دەست لە ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا وەربدەن کە بڕیارە لە ٣ی تشرینی دووەم ئەنجام بدرێت.
رۆبەرت ئۆبراین راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، رایگەیاند کە تەنھا ئێران و رووسیا ھەوڵی دەستوەردان لە ھەڵبژاردنەکان نادەن، بەڵکو "چین و چەند وڵاتێکی دیکەش کە لە ئێستادا ناوەکانیان ئاشکرا ناکەین ھەوڵی دەستوەردان لە ھەڵبژاردنەکانیان داوە. بە ناوی پاراستنی ھەڵبژاردنەکانمان ھەنگاوی گرنگ دەھاوێژین".
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا راشیگەیاند کە ھەوڵی دەستوەردان لە ھەڵبژاردانەکان لەلایەن رووسیا و ئێران بۆ ئەوان سوپرایز نییە، ئاماژەی بەوەشدا کە ئێران نیگەرانە لە کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ناوەکی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل.
رۆبەرت ئۆبراین وتیشی: "سەرۆک ترەمپ لەدوای رۆناڵد رێیگن یەکێکە لەو سەرۆکانەی کە بە توندترین شێوە لەگەڵ رووسیا ھەڵسوکەوتی کردووە. دەبینین کە رووسیا لە تویتەر و چەند شوێنێکی دیکە ھەواڵی ناڕاست بڵاودەکاتەوە. ئەمە بۆ چینیش ھەمان شتە".
No comments:
Post a Comment