پرس میدیا
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی تاوان و بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە، کە بە گوتەی سەرچاوەیەک لە پۆلیسی هەولێر، "گەورەترین ساختەکاری" ئەو شارە بووە و مۆری زۆربەی وەزارەتەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ساختەکردووە.
ئەو تۆمەتبارە ماوەی هەفتەیەکە دەستگیرکراوە، سەرچاوەیەک لە پۆلیسی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "گەورەترین ساختەکارە" تاوەکو ئێستا دەستگیریان کردبێت و ماوەی 15 ساڵە سەرقاڵی ساختەکارییە.
یەکێک لە سەرەکیترین کارەکانی ئەو تۆمەتبارە، بە گوتەی ئەو سەرچاوەیەی پۆلیسی هەولێر کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، ساختەکردنی مۆری بەڕێوەبەرایەتیی تاپۆ بووە و مامەڵەی ساختەی بۆ خەڵکی کردووە. "زۆربەی مامەڵەکانیش ئەوانە بوون کە بە ئەستەم لە بەڕێوەبەرایەتییەکان رایی دەکران".
تۆمەتبارەکە تەمەنی نزیکەی 40 ساڵانە. لەکاتی دەستگیرکردنی بەڵگەنامەیەکی "ئێجگار زۆر" لە ماڵەکەیدا گیراوە. بە گوتەی ئەو سەرچاوەیەی پۆلیسی هەولێر، ئەگەر دوو مانگ بەردەوامبن لە لێکۆڵینەوە بۆ ئەوەی ئەو کەسانە بدۆزنەوە کە ئەو تۆمەتبارە کاری ساختەی بۆ کردوون، هێشتا ناتوانن کۆنترۆڵی بکەن.
یەکێکی دیکە لە کارەکانی ئەو تۆمەتبارە، ساختەکردنی پاسپۆرت بووە، ئەو سەرچاوەیەی پۆلیسی هەولێر بۆ پەیامنێری رووداوی ئاشکرا کردووە، کە یەکێک لە کەیسەکانی "ناردنی کەسێکە بۆ ئەوروپا بە پاسپۆرتی ساختە، ئەو کەسە لەو وڵاتەی بۆی چووە وڵاتینامەی وەرگرتووە و دواتر گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان".
پۆلیس و دادگە لە لێکۆڵینەوەکانیان لەگەڵ ئەو تۆمەتبارە بەردەوامن، بە گوتەی ئەو سەرچاوەیەی پۆلیسی هەولێر، ماوەی هەفتەیەکە لێکۆڵینەوە لەو تۆمەتبارە دەکەن، بەڵام هێشتا 50٪ـی لێکۆڵینەوەکان تەواو بووە
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق