پرس میدیا
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرایکرد ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا خراوەتە لیستی سزاکانی ئەو وڵاتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرایکردووە، "خەڵکی عێراق دەبێت پارێزراوبن لە ئێران و فەیلەقی سوپای قودس، هەموو ئەوانەش دەخرێنە لیستی سزاوە کە کار لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکەن".
لە دەقی سزاکەی ئەمریکادا ئیرەج مەسجدی وەک باڵیۆزی ئێران لە عێراق نەخراوەتە لیستی سزاکانەوە، بەڵکو وەک ژەنەڕاڵی باڵای فەیلەقەکەی سەر بە سوپای پاسداران ئەو هەوڵە دژی گیراوەتە بەر.
لە ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە، "فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بەشێوەیەکی خراپ سوودیان لە عێراق وەرگرتووە بە مەبەستی بەرەو پێشبردنی بەرژەوەندییەکانیان لەسەر حسابی خەڵکی عێراق، فەیلەقی قودس سەرەکیترین ئامرازی ئێرانە بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە و هەنگاوەکانی ئەو ناوەندە بەردەوامن لەوەی ئاسایش، سەروەری و خۆشگوزەرانی عێراق لاوازبکەن".
ئەمریکا دەڵێت، "مەسجیدی بۆ ماوەی چەندین ساڵ یارمەتیدەر بووە بۆ ئاراستەکردنی کارەکانی فەیلەقی قودس لە عێراق، لەوانەش ڕاهێنان و پێشکەشکردنی پاڵپشتی بە گروپە شیعەکان و کارئاسانیکردن بۆ مامەڵەی گەورەی دارایی کە فەیلەقی قودس تێیاندا بەشداربووە.
لەبارەی هۆکاری سزاکەیەوە ئەمریکا ئیرەج مەسجدی بەوە تۆمەتبارکردووە کە سودی لە پێگە دیبلۆماتیەکەی وەرگرتووە و هەوڵداوە بە سودی سوپای پاسداران و ئێران مامەڵە داراییەکانی گروپە چەکدارە شیعەکان ڕێکبخات.
No comments:
Post a comment