پرس میدیا
میدیاکانی پارتی دیموکرات ڕاگەیەندراوێکیان بە ناوی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکردەوە کە تێیدا ڕاگەیەندراوەکەی تیمی یەکێتی ناو ئەنجوومەنەکە ڕەتدەکاتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ ڕاگەیەندراوەکە بڵاوکرایەوە و تێیدا هاتووە، "تەنیا ئەو ڕاگەیاندراو و بابەتانەی لە سایتی فەرمی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان (https://www.krsc.gov.krd) بڵاودەکرێنەوە، گوزارشت لە ڕای ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەکەن و هەر شتێکی تر لە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیەدا بێت، دەڕبڕی ڕای فەرمی ئەنجومەنی ئاسایش نییە."
لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکە ئاماژە بەوەکراوە، هەموو هەوڵێکیش بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی و بۆ دژایەتیکردنی دەسەڵاتە فەرمییەکان ، لە ژێر هەر فشارێکدا بێت ڕەت دەکەینەوە. خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە ئەم هەوڵە نەزۆکانە، لە کارەکانمان ساردمان ناکاتەوە و بەردەوام دەبین لە دابینکردنی ئاسایشی هاووڵاتیان و پووچەڵکردنەوە و ڕێگەگرتن لە هەموو هەوڵێکی تێکدەرانە و هەموو ئەوانەی دەستیان لەم کارە تیرۆریستیانەدا هەیە ، ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە."
ئەمە لە کاتێکدایە درەنگانێکی شەوی ڕابردوو تیمی یەکێتی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم ڕەتیانکردەوە ئاگاداری ئەو ڕاگەیەندراوەی ئەنجوومەنەکە بن کە باس لە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێک دەکات بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک گرووپی "تێکدەر".
No comments:
Post a comment