نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە كە مستەفا كازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و مستەفا مەدبولی سەرۆک وەزیرانی میسر سەرپەرشتی کۆبوونەوەی شاندی هەردوو حكوومەتی عێراق و میسر-یان تایبەت بە كارەكانی لیژنەی باڵای هاوبەشی هەردوو وڵات كردووە.
بەپێی راگەیەندراوەكە لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، كازمی ئاماژەی بە پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و میسری داوە و رایگەیاندووە كە عێراق خواستی هەیە پەرەی زیاتر بە پەیوەندیی ستراتجیی لەگەڵ میسر بدات و گوتی: "سوپاسی میسر دەكەین كە لە شەڕی دژبە داعش پاڵپشتی عێراقی كردووە".
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەدراوە لە كۆبوونەوەكەدا كازمی خۆشحاڵی خۆی نیشانداوە سەبارەت بەوەی بەغدا میوانداری كارەكانی لیژنەی باڵای هاوبەشی عێراق و میسری كردووە كە لە میانیدا ژمارەیەك رێككەوتننامە لە بوارەكانی گواستنەوە، تەندروستیی، وزە، كارەبا، فێركردن و رۆشنبیری نێوان هەردوو وڵاتدا واژوو دەكرێن.
كازمی جەختیكردووەتە لەسەر ئەوەی كە گرنگە عێراق سوود لە ئەزموونی میسر لە كەرتی نیشتەجێبوون و ئاوەدانكردنەوە ببینێت و داواشی لە كۆمپانیاكانی میسر كردووە كە بەشداری لە دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ناوچە كۆنترۆڵكراوەكانی عێراق بكەن.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو، لیژنەی باڵای هاوبەشی عێراق و میسر لە بەغدا كارەكانی ئامادەكاریی بە بەشداری ژمارەیەك لە وەزیرانی هەردوو وڵات دەست پێكردبوو.
دانوستەكانی شاندی هەردوو حكوومەتی عێراق و میسر، سەبارەت بە پتەوتركردنی هاوكارییەكانی نێوان هەردوو وڵات لە ژمارەیەك لە كەرتەكاندا گفتوگۆ دەكرێت بە تایبەتیش لە كەرتەكانی ئابووریی و وەبەرهێنان.
No comments:
Post a Comment