ئاژانسی بلومبێرگ ئاشکرای کردووە هەفتەی داهاتوو تورکیا سیستەمی بەرگریی ئێس 400ی رووسی تاقیدەکاتەوە و هەر ئەوەش سکرتێری ناتۆی گەیاندە تورکیا تا رێگری لە تاقیکردنەوەکە بکات.
ئاژانسی بلومبێرگ ئاشکرای کردووە، تورکیا هەموو ئامادەکارییەکانی کردووە تاوەکو سیستەمە رووسییەکە لە نزیک شاری سینۆپ لە کەنار دەریای رەش تاقیبکاتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە سەرەتای ئەم هەفتەیە یەنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ سەردانی تورکیای کرد و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا و سەرۆک کۆمار کۆبوویەوە.
سکرتێری ناتۆ داوای لە تورکیا کرد بە دوای بەدیلی ئێس ٤٠٠ دا بگەڕێت بە پێچەوانەوە رووبەڕووی سزای ئەمریکا و ئەوروپا دەبێتەوە.
بلومبێرگ نوسیویەتی ئامادەکاری کراوە و ژمارەیەک سەربازی تورکی و هێزی ئاسمانی لەو تاقیکردنەوە قورسەدا بەشداری دەکەن و، ئەوەش نیگەرانیی ناتۆی لێکەوتووەتەوە.
یەکێک لە ترسە گەورەکانی ناتۆش ئەوەیە کە سیستەمە رووسیەکە لەسەر فڕۆکەی پێشکەوتووی ئێف 35 تاقیبکرێتەوە کە بە پێشکەوتووترین فڕۆکەی ئەمریکی دادەنرێت.
پێشووتریش ناتۆ لەبارەی کڕینی ئێس 400ی رووسییەوە چەند جارێک هۆشداریی بە تورکیا داوە و باسی لەوش کردووە کە لەوانەیە تورکیا رووبەڕوووی سزا ببێتەوە ئەگەر سوور بێت لەسەر کڕینی ئەو سیستەمە رووسییە.
No comments:
Post a comment