دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ ئەنجومەنی وزاریی بۆ ئاسایشی نیشتمانی عێراق بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ئەنجامدا.
بە گوێرەی بەیاننامەیەكی نوسینگەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران، ئەنجومەنەكە ڕووداوی هەڵكوتانە سەر بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستانی تاوتوێكردووە و ئیدانەی ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانەی کردووە.
ئەنجومەنەكە بڕیاریداوە بە سەرۆكایەتی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی لێكۆڵینەوەكە لە رووداوەكە بكرێت بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی هۆکاری ئەنجامدانی کردەوەکە بوون.
هاوکات هەڵسەنگاندن بۆ رۆڵی هێزە ئەمنییەكانی ناوچەكەو بەرپرس لە پاراستنی بارەگاكە دەكرێت، بەپێی بەیاننامەکە 15 كەس بەهۆی تێوەگلان لەو رووداوە دەستگیركراون.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە ئەنجومەنی وزاریی ئیدانەی ئەو رووداوە دەكات و جەختدەكاتەوە كە رێوشوێنی توند بەرامبەر هەموو ئەوانە دەگرێتە بەر كە هەوڵدەدەن لە شكۆی دەوڵەت و دەسەڵاتی یاسا بشكێنن.
هەروەها داوا لە هێزە سیاسییەكان دەكات لە لێدوانەكانیاندا بەئاگابن كە رەنگە ببێتە هۆی تێكدانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی.
ئەمە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ شەممە ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ بوهۆی لێدوانێکی هوشیار زێبارییەوە ژمارەیەک لایەنگری حەشدی شەعبی چوونە سەر بارەگای پارتی و وێنەی مەسعود بارزانی و مەلا مستەفایان سوتاند و دواتر ئاگریان لە ئاڵای کوردستانیش بەردا.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق