ئەمڕۆ سێشەممە ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازی کرد لە دەیڤد کۆپلی جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق .
نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە لە کۆبوونەوەیەکدا کە رۆب واڵەر کۆنسولی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر، تیایدا بەشداربوو، دۆخی عێراق و ناوچەکە و برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا تاوتوێ کراوە.
ئاماژەی بەوەشداوە کە جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق، ئامادەیی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕیووە بە تایبەتی لە بواری بازرگانی و هاندانی کۆمپانیاکانی ئەمەریکا بۆ وەبەرهێنانی زیاتر لە هەرێمی کوردستان کە بڕیارە لە مانگی داهاتوودا کۆنفرانسێکی بازرگانی بۆ ئەم مەبەستە ساز بکرێت و وتوویەتی کە دەرفەتی زۆر بۆ وەبەرهێنەرانی ئەمەریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەیە.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردووەتەوە کە یەکێک لە کارە لە پێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەمەجۆرکردنی ئابووری و گرنگیدانی زیاترە بە کەرتی کشتوکاڵ و پاراستنی بەروبوومی ناوخۆیی و پێشکەشکردنی ئاسانکاریی بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوخۆ.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرال کردووەتەوە کە فاکتەرێکی گرنگە بۆ سەقامگیربوونی دۆخی عێراق و ناوچەکە.
No comments:
Post a comment