تا ئێستا حکومەتی هەرێم و بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگە تایبەتمەندەکانی حکومەت نازانن، ژمارەی هێزەکانی ئاسایش و هێزەکانی پێشمەرگە چەندە و هیچ زانیارییەکی ئەو دوو لایەنە لە فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕاپۆرتێکی نوسراوی ئاراستەی پەرلەمای کوردستان کرد لەبارەی کارەکانی سێ مانگی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی.
بەگوێرەی ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکە کە کۆپییەکی دەست پرس میدیا کەوتووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ تۆمارێکی لەبارەی ژمارە و زانیارییەکانی هێزەکانی ئاسایش و هێزەکانی پۆلیس نییە.
لە بەشێکی ڕاپۆرتەکەی ئەنجومەنی وەزیراندا پشت بە نوسراوی ژمارە 3ی ڕێککەوتی 1/7/2020ی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی حکومەتی هەرێمکی کوردستان بەستراوە و لە نوسراوەکەدا زانیارییە تۆمارکراوەکانی وەزارەت و دەستەکان خراوەتەڕوو لەبارەی بڕ و چۆنیەتی خەرجکردنی دەرماڵەکان.
لەو نوسراوەی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریدا، ناوی هەریەک لە وەزارەتی پێشمەرگە و ئەنجومەنی ئاسایش نەهاتووە و هیچ زانیارییەک لەبارەی ژمارەی کارمەندانی ئەو دوو لایەنە و بڕی دەرماڵەکانیان نەخراوەتەڕوو.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە لە ساڵانی پێشوودا ئاماژە بەوە دەکرا کە بە سیستمی بایۆمەتری دەکرێت زانیاری و ژمارەی هەموو ئەو هێزانە ئاشکرا بکرێت.
هاوکات نەزانینی ژمارەی هێزەکانی ئەو دوو لایەنە لەڕابردوودا گەورەترین کێشەی بۆ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان درووستکردووە چوونکە ناوی ئەندامانی ئەو هێزانەیان لانەبووە تا کە لیستی دەنگدانی گشتی دەریان بهێنن و بیانخەنە لیستی دەنگدانی تایبەتەوە، ئەمەش هاوکاربووە بۆئەوەی ئەندامانی ئەو هێزانە بتوانن دوو دەنگ بدەن، دەنگێک لە دەنگدانی تایبەت و ئەویتریان وەکو هاوڵاتی ئاسایی و لە دەنگدانی گشتییدا.
No comments:
Post a comment