پرس میدیا
سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، رێککەوتوون لەسەر ئەوەی شەنگال بە شێوەیەکی هاوبەش بەڕێوەببرێت و دەشڵێت، "ئەم رێککەوتنە سەرەتایەکە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور."
ئێوارەی ئەمڕۆ ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی رێککەوتنی ئاسایکردنەوەی بارودۆخی شەنگالەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتدا هاتووە"رێککەوتنەکە ئەنجامی کارکردنی جددی و دانوستانی چەندین مانگی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵییە ، کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەڕانەوەی سەربەرزانەی ئاوارەکانی شەنگال کە روبەڕوی ئازار و مەینەتییەکی زۆربوونەوە لەسەر دەستی داعش."
هەروەها هاتووە"ئاسایکردنەوەی دۆخی شەنگال رۆلێکی گرنگی دەبێت لەوەی خەڵکی ناوچەکە بڕیار لە چارەنوسی خۆیان بدەن"، دەشڵێت، "هەردوولا رێککەوتووین لەسەر ئەوەی شەنگال لە رووی ئیداری و ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە، بە شێوەیەکی هاوبەش بەڕێوەببرێت و ئەم رێککەوتنەش سەرەتایەکە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور."
باسی لەوەشکردووە، "دوای ئیمزاکردنی رێککەوتنەکە لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عیراق، گفتوگۆمان لەبارەی رێککەوتنەکە کرد و سوپاسی تیمی هەردوولا دەکەین بۆ بەئەنجام گەیاندنی ئەم رێککەوتنە گرنگە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەمە بەڵگەیە بۆ ئەوەی ئەگەر هەماهەنگیی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی هەبێت، دەتوانین زۆر دەسکەوتی دیکەش بە دەستبهێنین لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش."
راشیگەیاندووە، "ئێمە پشتگیریی لە هەر هەوڵ و دەستپێشخەرییەکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین لەپێناو بنیاتنانەوەی ئەو وێرانکارییەی، داعش لە شەنگال ئەنجامیاندا."
No comments:
Post a Comment