نزیکەی 20 ڕۆژە بەرپرسێکی هاوپەیمانی لای پەکەکەیە؛ دانوستانەکان بێئەنجامبوون - پرس میدیا

إعلان فوق المشاركات

نزیکەی 20 ڕۆژە بەرپرسێکی هاوپەیمانی لای پەکەکەیە؛ دانوستانەکان بێئەنجامبوون

نزیکەی 20 ڕۆژە بەرپرسێکی هاوپەیمانی لای پەکەکەیە؛ دانوستانەکان بێئەنجامبوون



پرس میدیا

نزیکەی 20 ڕۆژ پێش ئێستا، تەلەفۆن بۆ محەمەد عەوڵا ڕەسوڵ -ناسراو بە محەمەد گرتکی- کراوە و پێی وتراوە کە پەکەکە هاوڕێیەکی دەستگیرکردووە و داوای "کەفیل"ی لێ دەکەن بۆ ئەوەی ئازادی بکەن، دەستگیرکراوەکەش ناوبراوی هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی ببێتە کەفیلی، بەڵام لەوکاتەوە، نە محەمەد گرتکی و نە هاوڕێکەی نەگەڕاونەتەوە و دەستبەسەرن. 

مەحەمەد گرتکی کەسایەتییەتییەکی دیاری ناوچەی ڕاپەڕینە، بەرپرسی دەڤەری ڕاپەڕینی هاوپەیمانیی نیشتمانییە، خۆی لە بنەڕەتدا خەڵکی ئەو ناوچەیە و هەندێک لە کەسوکاریشی لەو ناوچەیە نیشتەجێن کە لەژێر دەسەڵاتی پەکەکەدایە، پێشتریش محەمەد گرتکی دەیان جار بۆ سەردانی کەسوکاری چووەتە ئەو ناوچەیە و بەبێ کێشە گەڕاوەتەوە. 

ناوچەی ڕاپەڕین، ناوچەیەکی فراوانە، دەکەوێتە دامەنی چیای قەندیل، لە باکووری ڕۆژئاوای شاری سلێمانییە، پەکەکە ساڵانێکی زۆرە لە هەندێک شوێنی ئەو ناوچەیەدا هەیە و بازگە و دامەزراوەکانی خۆی داناوە، بەهۆی تێکەڵی دانیشتوانی ئەو ناوچەیەشەوە، ساڵانە چەند جارێک هاوڵاتیی دانیشتووی ناوچەکە لەلایەن پەکەکەوە دەستگیردەکرێت یان بە خواستی خۆیان دەچنە ناو ئەو حزبە چەکدارە. 

بنەماڵەی محەمەد گرتکی ئامادە نین هیچ لێدوانێک لەبارەی دیارنەمان و دەستگیرکردنی نابراوەوە بدەن، تەنانەت هەواڵیان بە پۆلیسی ڕاپەڕینیش نەداوە کە محەمەد گرتکی ونبووە، ئەمە لەکاتێکدایە کە چەند ڕۆژی سەرەتای دیارنەمانی نەیاندەزانی کە لەلایەن پەکەکەوە دەستگیرکراوە. 

لەبارەی ئەو کەیسە و کەیسە هاوشێوەکانی، شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین بە پرس میدیای ڕاگەیاند "ساڵانە کەیسی لەو شێوەیەمان هەبووە، سەرەتا کەسوکارەکەی وادەزانن ونبووە، بەڵام دواتر دەردەکەوێت چووەتە ناو پەکەکە یان لەلایەن پەکەکەوە دەستگیرکراوە". 

"ڕێژەیەکی زۆر کەمی کەیسەکانی ونبوون ئەوانەن کە دواتر دەردەکەوێت چوونەتە ناو پەکەکە یان پەکەکە دەستگیریکردوون، زۆربەی کەیسەکان دوای ماوەیەک لە ونبوونیان دەدۆزرێنەوە چارەنوسیان دەردەکەوێت" وتەبێژەکەی پۆلیس وا دەڵێت. 

جەختیش دەکاتەوە "بنەماڵە و خێزانی مەحەمەد گرتکی هیچ هەواڵیان بە پۆلیس نەداوە کە باوکیان وونبووە یان دیار نەماوە، بۆیە ئێمە ناتوانین بەدواداچوونی بۆ بکەین، خۆ ئەگەر لەلایەن پەکەکەوە دەستگیرکرابێت ئەوە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە و بابەتێکی ترە". 

محەمەد گرتکی بەرپرسی دەڤەری ڕاپەڕینی هاوپەیمانی و ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێکردن -سەرکردایەتی- ئەو حزبەیە، هاوپەیمانی لە ڕاگەیەنراوێکدا کە دوو ڕۆژ دوای دیارنەمانی ناوبراو بڵاویکردەوە ئاماژەی بەوەکردبوو کە بەرپرسەکەی هاوپەیمانی لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پەکەکە دیار نەماوە. 

پرس میدیا زانیویەتی ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە پەکەکە و هاوپەیمانی دوور لە چاوی ڕاگەیاندنەکان لە دانوستان و کۆبوونەوەدان بۆ ئەوەی ئەو بەرپرسەی هاوپەیمانیی ئازاد بکرێت، بەڵام تا ئێستا ئەنجامێکی ئەوتۆی لێ بەدینەهاتووە. 

پرس میدیا بۆ ئەوەی بزانێت پەکەکە بۆچی محەمەد گرتکی دەستگیرکردووە، چەندین جار پەیوەندی بە زاگرۆس هیوا وتەبێژی "کەجەکە"ەوە کرد بەڵام پەیوەندییەکەی بەردەست نەبوو. 

سەرگوڵ قەرەداغی وتەبێژی هاوپەیمانیی نیشتمانیی بە پرس میدیای ڕاگەیاند "ئێمە داوای ئازادکردنی مامۆستا محەمەد دەکەین، بەناحەق گیراوە، پێمان وایە دەستگیرکردنەکەی سیاسییە و پەیوەندی بە هەڵوێست و چالاکییەکانییەوە هەیە لە ناوچەکە". 

"ئێمە تا ئیستاش نازانین پەکەکە بە چ پاساوێک مامۆستا محەمەدی دەستگیرکردووە، بەڵام لەوە دڵنیاین کە ئەگەر مامۆستا محەمەد نیازی خراپی بەرامبەر پەکەکە هەبوایە هەرگیز بە پێی خۆی و بە تەنها نەدەچوو بە دەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەوە". 

دەستگیرکردنی مەحەمەد گرتکی لەلایەن پەکەکەوە ڕووداوێک نییە کە پێشینەی نەبێت، ساڵانە ڕووداوی لەم جۆرە ڕوودەدەن، بەڵام وتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین دەڵێت "ئەمە نەبووە بە دیاردە". 

"لەماوەی ساڵی 2020دا ئەمە یەکەم حاڵەتە کە لەم ناوچەیە کەسێک لەلایەن پەکەکەوە دەستگیر بکرێت، ئەگەر حاڵەتی تری واش هەبووبێت لای ئێمە تۆمار نەکراوە و کەسوکارەکەی هەواڵیان بە ئێمە نەداوە" شۆڕش ئیسماعیل وای وت. 

وتەبێژی هاوپەیمانی دەڵێت "تا ئێستا دیار نییە چارەنوسی بەرپرسەکەی هاوپەیمانی چی دەبێت، ئێمە بەردەوام لە هەوڵداین بەزوترین کات ئازاد بکرێت، بەڵام لایەنی بەرامبەر هەرجارە و بە پاساوێک ئازادکردنی مامسۆتا محەمەد ڕەتدەکاتەوە".

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق

بابەتی پەیوەندی دار

إعلان اسفل المشاركات

ماڵپەڕی پرس میدیا

بەشە سەرەکیەکان

دواین هەواڵ

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

پرس میدیا - Prs Media

پرس ، دامە زراوەیەکی میدیایی پیشەیی ئازادە دەبێتە بڵند گۆ و ئاوێنەی دەنگ و ڕەنگە جیاوازە نەبیستراو و نەبینراوەکان کلتور و فەرهەنگ و هــونــەری نــیـشـتـمـانیـی دەپـارێـزێـت و خـــەمـــی هـەمـیـشەی چەسپاندنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیان دەبێت ، پرس میدیا مەبەستیەتی نـەوەی ئـێسـتـاو داهـاتـوی نـیـشـتـمان بە ئاگابێت لـەسـەرجــەم پـرس و پـێشهاتەکانی دەوروبەری دەیەوێت بەزمانێکی بابەتیانە ئەو نەوەیە بدوێنێت

2019 - PRSMEDIA.NET / ALL RIGHT RESERVED ©