سوپای عێراق رایگەیاند کە رێکخەری کارگێڕی گشتیی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا دەستگیرکراوە.
لیوا یەحیا رەسول وتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووک رایگەیاندووە کە لە میانی بەدواداچوونی بەردەوام و کاری مەیدانیی، ھێزەکانی دژەتیرۆر لە ئۆپەراسیۆنێکدا، رێکخەری کارگێڕی گشتیی داعش ناسراو بە (ئەبو نەبا)یان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا دەستگیرکردووە.
لیوا یەحیا رەسول روونکردنەوەی زیاتری لەوبارەوە داوە و رایگەیاندووە "ئەو گەورە تیرۆریستەی کە دەستگیرکراوە دوای چاودێکردنی لەلایەن ھەواڵگریی دەزگای دژەتیرۆر و دوای گەیشتنی لە یەکێک لە وڵاتانەوە بۆ عێراق بە ئامانجی سازکردنی کۆبوونەوە لەگەڵ چەکدارانی داعش لە دەورووبەری شاری بەغدای پایتەخت، دەستگیرکراوە."
باسی لەوەشکردووە ئەو گەورە سەرکردەی داعش کە دەستگیرکراوە لە ساڵی ٢٠٠٣وە پەیوەندی بە رێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک ئەلقاعیدە و داعش کردووە و ئەرکی بەڕێوەبردن و رێکخستنی کردەکانی تیرۆریستانی داعشی پێسپێردرابوو.
No comments:
Post a Comment