پرس میدیا
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە شاری بەغدا ئیدانەی بەکارھێنانی توندوتیژی بەرامبەر خۆپیشاندەرە ئاشتیخوازەکانی شاری ناسرییە ناوەندی پارێزگای زیقاری کرد.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە شاری بەغدا لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووک پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێدا ئیدانەی بەکارھێنانی توندوتیژی بەرامبەر خۆپیشاندانەکانی شاری ناسرییەی کرد و رایگەیاند کە ئەم توندوتیژییە ناڕەوایە جێگەی لە دیموکراسیدا نییە.
لە پەیامەکەدا ھاتووە: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئیدانەی بەکارھێنانی توندوتیژی لە بەرامبەر خۆپیشاندەرانی ئاشتیخوازی ئەمڕۆی ناسرییە و زیقار دەکات. ئەم توندوتیژییە ناڕەوایە جێگەی لە دیموکراسیدا نییە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پاڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بانگھێشتی پاراستنی گیانی خۆپیشاندەران و ئەوانی دیکە و سزادانی بەرپرسیاران لەلایەن حکوومەتەوە دەکات".
جێی ئاماژەیە، ئەمڕۆ شەممە، لە ئاکامی رووبەڕووبوونەوەی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان لە شاری کوت ناوەندی پارێزگای واست باشووری عێراق، سێ خۆپیشاندەر کوژران.
ئەم پێشھاتانە لە پارێزگای واست، دوای ئەوە ھات کە دوێنی ھەینی رووبەڕووبوونەوە لە نێوان لایەنگرانی سەرکردەی رەوتی سەدر و خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی حەبووبی ناوەڕاستی شاری ناسرییە ناوەندی پارێزگای زیقار روویدا و لە ئاکامدا پێنج کەس کوژران و ٨٥ی دیکە برینداربوون.
دوێنی ھەینی، لایەنگرانی سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر بە چەک و داری پۆلیسی لە گۆڕەپانی حەبووبی لە شاری ناسرییە ناوەندی پارێزگای زیقار رووبەڕووی خۆپیشاندەران بوونەوە.
دوای ئەو رووداوانە، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بڕیاریدا بە دوورخستنەوەی فەرماندەی پۆلیسی زیقار، حازم وائیلی لە پۆستەکەی، ھەروەھا بڕیاریدا بە پێکھێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە.
لەوەتەی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ـەوە خۆپیشاندان لە بەغدای پایتەخت و پارێزگاکانی دیکەی عێراق بەڕێوەدەچێت و بەھۆیەوە حکوومەتی پێشوو بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەھدی ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرا.
No comments:
Post a Comment