پرس میدیا
حکومەتی عێراق رایگەیاند، ئیدانەی هێرشەکانی پەکەکە بۆ سەر هەرێم دەکەن و بۆ کۆتاییهاتنی ئەو هێرشانە رێوشوێنی پێویست دەگرنەبەر و دەشڵێت، "بەڵێنیش دەدەین سنورێک بۆ هێرشکردنە سەر سەروەری وڵات دابنێین."
حکومەتی عێراق لەبارەی گرژییەکانی پێشمەرگە و پەکەکەوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "بە توندی ئەو هێرشەی ناو خاکی عێراق رەتدەکەینەوە و بەڵێنیش دەدەین سنورێک بۆ هێرشکردنە سەر سەروەری وڵات دابنێین."
ئەوەش خراوەتەڕوو، "رێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر بۆ کۆتاییهێنان بەو هێرشانە و پێشێلکردنی ئاسایش و سەروەری وڵات."
دوێنێش، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەکردبوو، "لە کاتێکدا گەلی کوردستان گیرۆدەی چهندين قەیران و کێشەیه، ئەم شەڕپێفرۆشتن و بارگرژییە لهلايهن پهكهكهوه، دۆخی ههرێمی کوردستان و گەلەکەمان دووچاری نەهامەتیی زیاتر دەکاتهوه."
قارەمان کەمال جێگری سەرۆکی هەی ئەی ئەرکان راگەیاندبوو، "بەهیچ جۆرێک، ئەمڕۆ لە چەمانکێ، شەڕ لە نێوان پێشمەرگە و پەکەکەدا رووی نەداوە."
بەڕێوەبەری راگەیاندن و رۆشنبیری وەزارەتی پێشمەرگەش رایگەیاندبوو، "لە ناحیەی چەمانكێ بەھۆی تەقینەوەیەكەوە، كە پەكەكە داینابوو، دوو ئەفسەر و جێگری ئەفسەرێكی پێشمەرگە بریندار بوون".
لای خۆشییەوە، هەپەگە بڵاویکردبووەوە، "هێزەکانمان شەڕیان نەکرد و چەکیان بەکارنەهێنا"، باسی لەوەشکردبوو، "ئەگەر هێرشەکانی پارتی دیموکرات بەردەوامبێت، لە چوارچێوەی خۆپاراستنی رەوادا خۆمان دەپارێزین."
No comments:
Post a Comment