پرس میدیا
سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراقی رایگەیاند، بەھۆی کەوتنەخوارەوەی مووشەکێکەوە، ئاگر لە پاڵاوگەیەکی نەوت لە باکووری پارێزگای سەڵاحەددین کەوتووەتەوە.
لەوبارەیەوە میدیا ناوخۆییەکان بڵاویانکردووەتەوە مووشەکێک کە لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە ئاڕاستەکراوە، لە پاڵاوگەیەکی نەوت لە باکووری پارێزگای سەڵاحەددین کەوتووەتە خوارەوە.
بەپێی زانیارییەکان بەھۆی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکەوە، ئاگر لە یەکێک لە عەمبارەکانی سووتەمەنی ناو پاڵاوگەکە کەوتووەتەوە، بەڵام ھیچ زیانی گیانی بهدواوه نهبووه.
هاوکات دوای ڕووداوەکە تیمەکانی بەرگریی شارستانیی لە ناوچەکە کۆبوونەتەوە و لە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەدان، جگەلەوە کارکردن لە پاڵاوگەکەش ڕاگیراوە.
هەروەها سەرچاوەیەكی ناو كۆمپانیای نەوتی باكوور رایگهیاندووە: "كاتژمێر شەشی ئێوارە، مووشەكێك ئاراستەی بۆری نەوتی سینییەی سەر بە پاڵاوگەی نەوتی بێجی له پارێزگای سەڵاحەدین كراوە".
ئاماژهی بهوهشكردووە له ئهنجامی هێرشهكهدا بۆرییهكه تەقیوەتەوە و گڕی ئاگرەكە گەیشتووهتە نێو عەمبارهكانی پاڵاوگهی نەوتی بێجی و لە ئێستادا عەمبارەكە گڕی گرتووه.
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشكردووە، تیمەكانی كۆمپانیای نەوتی باكوور گەیشتوونەتە شوێنی تەقینەوەكه و لەهەوڵی كوژاندنهوهی ئاگرهكهدان.
ئەو پاڵاوگەیە کە کراوەتە ئامانج، دەکەوێتە ناوچەی سینییە سەربە قەزای بێجی باکووری سەڵاحەددین و رۆژانە ٢٠ ھەزار بەرمیل نەوت لەو پاڵاوگەیە دەپاڵاوێرێت.
پاڵاوگەوکە لە ساڵی ٢٠١٤دا کەوتە ژێر دەستی داعش، بەڵام دواتر لە لایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە کۆنترۆڵکرایەوە.
سەرەڕای ئەوەی ھێزەکانی عێراق، داعش-یان لە ناوچەکان شکستپێھێناوە و شارەکانیان ئازادکردووە، بەڵام شانە نووستووەکانی رێکخراوەکە تا ئێستا بەردەوامن لەسەر ھێرشەکانیان بەتایبەت لە ناوچەکانی سەربە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، دیالە، سەڵاحەددین و ئەنبار.
No comments:
Post a comment