پرس میدیا
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ وەزیری بەرگریی عێراق، جومعە عیناد و هاوتا ئێرانییەکەی، ئەمیر حاتەمی کۆبوونەوە.
بەپێی ھەواڵێکی میدیای فەرمی ئێران، لە میانی کۆبوونەوەکەدا هەردوو وەزیر باسیان لە ھەماھەنگی نێوان عێراق و ئێران لە بواری بەرگرییدا کردووە.
حاتەمی لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە کە ئێستا عێراق لە رووی ئەمنییەوە لە دۆخێکی باشتردایە و وتوویەتی: "بەرگریی و پشتیوانی لە یەکپارچەیی خاک، قۆناغی سیاسیی، سەقامگیریی و ئاسایشی عێراق دەکەین. پێویستە وڵاتانی ناوچەکە ئاسایشی خۆیان دەستەبەر بکەن. تا ھەبوونی وڵاتانی دەرەوەی ناوچەکە و دەستوەردانی دەرەکی بەردەوام بێت ئەوا دەستەبەرکردنی ئاشتی و سەقامگیریی ئەستەم دەبێت. پەیوەندی نێوان بەشێکی وڵاتان لەگەڵ رژێمی زایۆنیست ئاشکرا بووە و ئەمە ناپاکیکردنە لە گەلانی موسڵمان".
حاتەمی باسی لە کوشتنی فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، قاسم سولەیمانی و جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەھدی موھەندیس لەلایەن ئەمریکاوە کردووە و دەڵێت: "ئێران و عێراق لە خوێنی قارەمانەکانیان خۆش نابن. وەزارەتی بەرگریی ئێران بەمەبەستی زیاتر بەھێزکردنی بەرگریی عێراق، دەتوانێ پێویستییەکانی سوپای عێراق دابین بکات".
لەلای خۆیەوە، وەزیری بەرگریی عێراق، جومعە عیناد رایگەیاند کە ئامانجی سەردانەکەی بۆ ئێران بریتییە لە ئاڵوگۆڕی ئەزموون و بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات. وتیشی: "دەمانەوێ ھێزی بەرەنگاربوونەوەی سوپای عێراق لە دژی تیرۆر بەھێزتر بکەین".
No comments:
Post a comment