پرس میدیا
لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی شاری سلێمانی لە بازاڕێکی شارەکە، دەستبەسەر ژمارەیەكی زۆر ماددەی جوانكاری خانماندا دەگرن، كە ماوەی بەكارهێنانیان بەسەرچوبوو.
قائیمقامیەتی قەزای سلێمانی لە راگەیەندراوێكی ئاماژەی بەوەكردووە، بەپێی راپۆرتی لیژنەی سەرتاشخانەكانی قائیمقامیەت كە ئاراستەی لیژنەی باڵای قائیمقامیەت كراوە، بەهۆی بەسەرچوونی ماوەكەیانەوە و نەشیاوی بۆ بەكارهێنان، لیژنەكە دەستی بەسەر زیاتر لە (210) پارچە مەوادی جوانكاری خانماندا لە كۆگاكانی فرۆشتنی جوانكاری لە بازاڕی كاسۆمۆڵ-ی شاری سلێمانی گرتووە.
ئاماژە بەوەشكراوە، بەپێی رێنماییە تەندروستییەكان، ئەو جوانكارییانە پێكهاتە سەرەكیەكەیان ماددە كیمیاییەكانە، بۆیە لەكاتی بەسەرچوونیدا ماددەكانی دەگۆڕیت بۆ پێكهاتەی زیانبەخش و زیان بە پێست و تەندروستی بەكارهێنەرەكانی دەگەیەنێت.
قائیمقامیەتی سلێمانی باسی لەوەشكردووە، لەماوەی هەفتەیەكدا، لیژنەی سەرتاشخانەكان دەستیان بەسەر زیاتر لە نیو تۆن مادەی جوانكاری خانماندا گرتووەو، داواش لە خانمان كراوە لەكاتی كڕین و بەكارهێنانی ماددە جوانكارییەكاندا، بەوردی سەرنج لە بەرواری دروستكردن و ماوەی بەسەرچوونی بدەن، پاشان بەكاریبهێنن.
لە بەشێكی دیكەی راگەیاندراوەكەدا هاتووە، بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی و لەلایەن لیژنەی لەناوبردنی سەر بەلیژنە هاوبەشەكانەوە، تەواوی مادە دەستبەسەرداگیراوەكانی جوانكاری خانمان لەناودەبرێت و ئەو شوێنانەی تیایاندا گیراوە خاوەنەكانیان روبەڕوی رێكاری یاسایی دەكرێنەوە.
No comments:
Post a comment