شارۆ شاھۆ
پێشینان لە خۆڕا ئەم وتەیان نەکردوە بە پێوەری ئاشتی و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی. سەرچاوەی توندوتیژی لەمڕۆی ژیانی تاکی کوردی دا ڕاستەوخۆ وابەستەیە بە پرسی سەختی ژیان و خراپی باری ئابوری ھاوڵاتیان. ھۆکاری زۆری گەندەڵی و کۆبونەوەی سامانێکی بێشومار لە لای چەند کەسێک و بەکارنەھێانی لە بەرژەوەندی ھاوڵاتیاندا. بۆتە فاکتەرێکی کاریگەر لە زیادبوونی دیاردەکانی توندوتیژیدا، بە تایبەت توندوتیژی خێزانی. زۆرێک لە خێزانەکان لەمڕۆدا گیرۆدەی خراپی باریی گوزەرانیان. ھۆکاری بنچینەیش خراپی سیستەمی موچەدان و پەک کەوتنی ئابوری بازاڕە. ڕەنگە خوێنەر ئەو پرسیارە لە مێشکیدا گەڵاڵە ببێت کە ئەمە چی پەیوەندیەکی بە پرسی زیادبوونی توندوتیژی خێزانیەوە ھەیە؟ . وەڵامی ئەم پرسیارە کاتێک باری گوزەرانی تاک بەرەو لاوازی ڕۆیشت ئەوا لایەنی دەرونی تاک گرفتاری گرژی و ناجێگیری دەبێت. بەھۆکاری ئەوە کە ناتوانێت بەپێی پێویست خواست و پێداویستەکانی خۆی ئەو خێزانەی لێی بەرپرسە دابینبکات. کاتێک خێزان نەیتوانی لەسەر ڕێڕەوی جێگیری خۆی گوزەران بکات، ئەوا شێواوی بەرھەم دێت ھەم لە ئاستی پەروەردەی و ھەم لە ئاستی دەروونی. ئەم شێواویەش دواجار بە تەنھا لەناو سنوری خێزاندا نامێنێتەوە و پەل دەھاوێت بۆ تەواوی کایەکانی ژیان. بۆنموونە کاتێک مامۆستایەک یاخود فەرمانبەرێک لە بارێکی خراپی ئابوریدابێت توڕەبوونی خۆی دەگوازێتەوە بۆ ئەو کەسانەی کە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات ئەوانیش بۆ کەسانی تر!. دواجار ئەم فۆڕمە لە توندوتیژیە ھەرەمیە ڕەگ دادەکوتێت لەناو کلتوری کۆمەڵایەتیدا کە دەرھاویشتە مەترسیدارەکانی بریتین لە زیادبوونی پرسی لێکترازانی خێزان و نەمانی متمانە و پێکەوەژیان. سیستەمی دەسەڵات بەرپرسە لە تیمارکردنی زامی خراپی باری ئابوری ھاوڵاتیان بە دەستەبەرکردنی ھەلی کاری یەکسان و باشترکردنی ئاستی بژێوی بە ئاراستەی خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی. چونکە دواجار دەسەڵات ناتوانێت ببێتە حکومڕانی میلەتێک کە ئاوێتەبووە بە جۆرێک لە فۆڕمی ژیانکردن کە بنەماکەی لەسەر ترس لە بژێوی ژیان بونیادنرابێت!.
No comments:
Post a Comment