بە مەبەستی سەرپەرشتیکردنی بەندەکانی نێو رێککەوتنی نێوان ھەردوو حکوومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە شنگال، شاندێکی باڵای ئەمنیی عێراق گەیشتە پارێزگای نەینەوا.
لەوبارەیەوە لیوا تەحسین خەفاجی وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند کە ئەمڕۆ چوارشەممە جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان، فەریق روکن عەبدولئەمیر شممەری و فەرماندەی پۆلیسی فیدرال، فەریق روکن جەعفەر بەتات و فەرماندەی فەرماندەیی پاسەوانی سنوور و فەرماندەی ھێزەکانی وشکانیی، حەمید شەتری گەیشتوونەتە پارێزگای نەینەوا، بۆ ئەوەی بەپێی راسپاردەکانی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان، مستەفا کازمی سەرپەرشتی جێبەجێکردنی بەندەکانی رێککەوتنی شنگال بکەن.
لیوا تەحسین خەفاجی وتیشی: "لە رۆژانی داھاتوودا بەپێی راسپاردەکانی مستەفا کازمی، بەندەکانی نێو رێککەوتنی شنگال جێبەجێ دەکرێن".
پێشتر سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاندبوو کە رێککەوتنێکی مێژوویی کراوە کە دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵ بەپێی دەستوور لەسەر ئاستی کارگێڕی و ئەمنی لە شنگال پتەوتر دەکات.
No comments:
Post a comment