یەکێتی داوای دواخستنی کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان دەکات - پرس میدیا

إعلان فوق المشاركات

یەکێتی داوای دواخستنی کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان دەکات

یەکێتی داوای دواخستنی کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان دەکات


پرس میدیا
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە فەرمی داوای دواخستنی کۆبوونەوەی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستانی کرد کە بڕیارە سبەی یەکشەممە لەبارەی یەکهەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان لە بەرامبەر پەسەندکردنی پڕۆەژیاسای پارەدارکردنی کورتهێنانی دارایی بەڕێوەبچێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠،  مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەسەرپەرشتی ھاوسەرۆکی یەکێتیی، لاھور شێخ جەنگی، بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشھات و گۆڕانکارییە سیاسییەکان و بەتایبەتی پرسی مووچە و بژێوی خەڵکی کوردستان کۆبووەوە.

دوای کۆبوونەوەکەش راگەیەنراوێک بەناوی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بڵاوکراوەیەوە کە تیایدا داواکراوە کۆبوونەوەی سبەی یەکشەممەی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان بۆ کاتێکی دیکە دوابخرێت.

لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، کە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکێتیی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و نوێنەری تیمی گفتوگۆی نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی فیدرالی عێراق ئامادەیبوون، مەکتەبی سیاسی پاراستنی ئەو یەکڕیزییەی کە لەنێوان فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە سەر یاسای پڕکردنەوەی کورتھێنانی داوایی ھاتە ئاراوە بەگرنگزانی و پێداگیری لەسەر پاراستنی دەکات، بۆ دەستەبەرکردنی مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە "بۆ رەخساندنی زەمینەی لەبار لەپێناوی گفتوگۆ و گەیشتن بەبڕیارێکی گونجاو، کە لەبەرژەوەندی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان و باشکردنی گوزەرانی خەڵکدا بێت و یەکریزی ھێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پیشانبدات، مەکتەبی سیاسی بەڕەسمی داوا لە ھەر سێ سەرۆکایەتییەکەی ھەرێمی کوردستان دەکات، کە کۆبوونەوەی راگەیەنراوی سبەی (٢٠٢٠/١١/١٤) دوابخات بۆ کاتێکی تر، بۆ ئەوەی ھەموو حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، کە نوێنەریان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ھەیە بەشداربن".

ئاماژە بەوەشدراوە کە مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان لەگەڵ حکوومەتی فیدڕالی عێراق، لەپێناو گەیشتن بە رێککەوتن بۆ دەستەبەرکردنی شایستە داراییەکانی ھەرێم و مووچە و بژێوی خەڵکی کوردستان بە باشترین رێگاچارە دەبینێت.

بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی بنەڕەتی لەسەر شایستە داراییەکانی ھەرێم و مووچەی خەڵکی کوردستان، مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جەختیکردووەتەوە لەسەر پابەندبوونی حکوومەتی ھەرێم بە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکان و حکوومەتی فیدرالی عێراقیش پابەندی بنەمای تەوافق و دەستووری ھەمیشەیی عێراق بێت.

لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆ دەستەبەرکردنی شایستە داراییەکانی ھەرێم و مووچەی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان، ھەوڵەکانی درێژە پێدەدات و خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکاتەوە، کە لەم پێناوەدا درێخی ناکات.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەبێ ئامادەبوونی ئەندامانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان، پڕۆژەیاسای پارەدارکردنی کورتھێنانی دارایی پەسەند کرد. 

ئەم هەنگاوەی لایەنە عێراقییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان نیگەرانیی و کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا. 

هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان (سەرۆکایەتی هەرێم، پەرلەمان و حکوومەت) بەجیا وێڕای نیگەرانی و کاردانەوە لەسەر ئەو هەنگاوەی ئەنجوومەنی نوێنەران، رایانگەیاند کە لەپێناو یەکھەڵوێستیی لایەنە پەیوەندارەکانی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئەم پرسە، کۆبوونەوەی ھەرسێ سەرۆکایەتییەکانی ھەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندارەکان و نوێنەرانی ھەرێمی کوردستان لە حکوومەتی فیدرال و ئەنجومەنی نوێنەران ساز دەکرێت. 

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق

بابەتی پەیوەندی دار

إعلان اسفل المشاركات

ماڵپەڕی پرس میدیا

بەشە سەرەکیەکان

دواین هەواڵ

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

پرس میدیا - Prs Media

پرس ، دامە زراوەیەکی میدیایی پیشەیی ئازادە دەبێتە بڵند گۆ و ئاوێنەی دەنگ و ڕەنگە جیاوازە نەبیستراو و نەبینراوەکان کلتور و فەرهەنگ و هــونــەری نــیـشـتـمـانیـی دەپـارێـزێـت و خـــەمـــی هـەمـیـشەی چەسپاندنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیان دەبێت ، پرس میدیا مەبەستیەتی نـەوەی ئـێسـتـاو داهـاتـوی نـیـشـتـمان بە ئاگابێت لـەسـەرجــەم پـرس و پـێشهاتەکانی دەوروبەری دەیەوێت بەزمانێکی بابەتیانە ئەو نەوەیە بدوێنێت

2019 - PRSMEDIA.NET / ALL RIGHT RESERVED ©