پرس میدیا
دانیشتنی ژمارە ١١ی خولی پاییزەی ساڵی دووەمی پەرلەمانی کوردستان بەهۆی ناڕەزایی بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان و دروستبوونی پشێوی چەند جارێک راگیرا و کارنامەی دانیشتنەکەش گۆڕا بۆ باسکردنی پرسی مووچە و بژێوی خەڵک.
لەدوای دروستبوونی پشێوی لەناو هۆڵی پەرلەمان، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، عەلی حەمەساڵح کە نوێنەرایەتی بەشێک لەو پەرلەمانتارانەی دەکرد کە رێگربوون لە دانیشتنەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند "جەماوەری خەڵکی کوردستان دەمانەوێت ئاگاداربکەینەوە، لێدان لە مێز و دەنگ بەرزکردنەوەمان لە دانیشتنەکەی پەرلەماندا بۆ راگرتنی دانیشتنەکە یەک دنیا راستی تاڵی لە پشتەوەیە، تاوەکو ئەم ساتە هیچ کات و ساتێک دیارنییە کە مووچەی خەڵک کەی و چۆن دەدرێت".
وتیشی: "هۆکاری نەدانی مووچە بەشێکی هۆکارەکەی رێکنەکەوتنە لەگەڵ بەغدا بەشێکی دیکەی ئەو قاچاخچێتیە رێکخراوەیە کە رێککەوتنی لەسەر کراوە و دامەزراوەی دەوڵەتی لەپشتە کە قەبارەی مانگانەی ١٧٠ ملیار دینارە، تا ئەم کاتە بەشی هەرە زۆری داهاتی نەوت دیارنییە، ئێمە ساڵێکە داوا دەکەین بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ دانیشتنێکی تایبەت لەسەر قاچاخچێتی و لەسەر خاڵە سنوورییەکان و باجی گەورە کۆمپانیاکانی حزب بکرێت، بەڵام بە پلان دوایدەخەن و رێگانادەن ئەو دانیشتنە بکرێت، ئەگەر ئەمانە بکرایە ئێستا کێشەی مووچەی خەڵک نەبوو، ناکرێت بەرپرسەکان شەوانە دەرمان بە قاچاخ بهێنن، بەرپرس هەیە شەوی ملیۆنێک دۆلاری دەستدەکەوێت و خەڵک نان نییە بیخوات، دەیانەوێت باس لەمە نەکەین، بۆیە دانیشتن ناکرێت".
عەلی حەمەساڵح راشیگەیاند "نییەتێک هەیە ویستییان پێمان بڵێن چوارشەممە دانیشتنە و بۆخۆتان دانیشن بەدڵی خۆتان قسە بکەن، بەڵام ئێمە بۆخۆمان قسە ناکەین ئێمە دەمانەوێت بەرپرسانی حکوومەت بێنە بەردەم ئەم پەرلەمانە و پێیان بڵێین لەژێر سایەی دەسەڵاتی ئێوە و بەهێزە ئەمنییەکانی ئێوە لە خاڵە سنوورییەکان ئەو قاچاخچێتییە دەکرێت و ئەمانە پارەی نەوتە کە دیار نەماوە".
ئەندامەکەی فراکسیۆنی گۆڕانگوتیشی: "چۆن رێی تێدەچێت بە دوو مانگ حکوومەت ٤٠٠ ملیار دیناری نەبێت بە داهاتی نەوت و خاڵە سنوورییەکانیشەوە، بەڵام بەرپرس هەیە لە ساڵێکدا ٥٠٠ ملیۆن دۆلار پارەی قاچاخچێتی بردووەتە دوبەی کەچی رێگەمان نادەن ئەمانە باس بکەین و دانیشتن لەسەر ئەمە بکرێت".
راشیگەیاند "دڵنیاتان دەکەمەوە ئەم فۆڕمە لە حکومڕانی بەردەوام بێت ئەم قاچاخچێتی و دیارنەبوونی داهاتی نەوت و ئەم گەندەڵی و تاڵانییە بەردەوام بێت و لەگەڵ عێراق رێکنەکەون، قەبارەی فەساد لە کوردستان زۆر زیاتر دەبێت و بێ مووچەیی دە هێندەی ئێستا زیاد دەکات و قەیرانێکی قوڵی چاوەڕوان نەکراو دێتە ئاراوە کە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەشێوێنێت و دەیان کێشەی دیکەی بەدوادا دێت".
عەلی حەمەساڵح راشیگەیاند "ئەوەی لە تواناماندابێت هەموو هەوڵێک دەخەینەگەڕ و دانیشتنی پەرلەمان پەکدەخەین تاوەکو دانیشتنەکان تایبەت نەبێت بە مووچە و قوت و ژیانی خەڵک، ئەبێت لەم پەرلەمانەدا رووبەڕوو پێیان بڵێین فڵان بەرپرس و فڵان کەس خەریکی قاچاخچێتین لەڕێگای فڵان و فڵانەوە، هیچ مانایەکیان بۆ حکومڕانی نەهێشتووەتەوە و دەڕۆینە سەر بارە قاچاخەکان زۆر بێ منەتانە پێمان دەڵێن هەموو پەرلەمانیش بێت ئێمە قاچاخچێتی راناگرین".
No comments:
Post a Comment