پرس میدیا
بەڕێوەبەری ناحیەی سەعدییە لە پارێزگای دیالە رایگەیاند، دوای گەڕانەوەی دوا کاروانی ئاوارەکان لە ناحیەی سەعدییە بۆ زێدی خۆیان، دۆسیەی ئاوارەکان بەتەواوی لەو ناحیەیە داخراوە.
بەڕێوەبەری ناحیەی سەعدییە سامر زەرگوشی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەمڕۆ سێشەممە دوا کاروانی ئاوارەکان کە ژمارەیان ٨٠٠ خێزان بووە و لە ٣٠ی گوند و ناوچەکانی سەربە ناحیەی سەعدییە نیشتەجێبوون، گەڕانەوە زێدی خۆیان.
سامر زەرگووشی وتوویەتی دۆسیەی ئاوارەکان بەتەواوی لە ناحیەی سەعدییە داخراوە،"لەئێستادا تەنھا ھەزار و ٥٠٠ خێزانی ئاوارە لە کەمپ و ناوچەکانی سنووری پارێزگای دیالە ماوەن و رەتی دەکەنەوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان".
سامر زەرگوشی ئاشکراشیکرد کە لە کۆی حەوت ھەزار و ٥٠٠ خێزان کە بەھۆی ھێرشەکانی داعشەوە لە ٢٠١٤دا، ئاوارەی ناحیەی سەعدییە بووبوون، شەش ھەزاریان گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
No comments:
Post a Comment