پرس میدیا
ئەمڕۆ سێشەممە ( قادری حاجی عەلی) یەكێك لەدامەزرێنەرانی بزووتنەوەی گۆڕان، بەكاریگەری تووشبوونی بەڤایرۆسی كۆرۆنا لەشاری سلێمانی گیانی لەدەستدا.
خانەوادەی (قادری حاجی عەلی) لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەیان بەوەكردووە:" بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە هەواڵی مەرگی ناوەختی سەركردە و سوارچاكی شۆڕش و ورەو بەرەنگاربونەوەی نادادی (قادری حاجی عەلی) رادەگەیەنین، كە ئەمڕۆ ( 2020/11/9 ) دوای ململانێیەكی زۆر لەگەڵ نەخۆشی كۆرۆنا گیانی لەدەستدا."
ئاماژەبەوەشكراوە:" گیان لەدەستدانی كاك قادری حاجی عەلی وەك سەركردەیەكی خۆنەویست و خۆشەویست و جێی متمانە و ئومێدی خەڵك و پشتیوانی ستەملێكراوان، سەركردەی دیارو سەربەخۆی گەلەكەمان، ئەسەف و خەسارەتێكی گەورەیە بۆ هەموان."
قادری حاجی عەلی یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕان و سەركردەی پێشوی یەكێتی، كەسایەتییەكی دیاری سیاسی هەرێمی كوردستان بوو و ماوەی زیاتر لە مانگێك بوو تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو و لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی شاری سلێمانی چارەسەری وەردەگرت.
No comments:
Post a Comment