پرس میدیا
دوای ئەوەی لە ئەمریکا بەهۆی نەخۆشییەوە گیانی لەدەستدا، بڕیارە تەرمی نەجمەدین کەریم لە پیرمام بە خاک بسپێردرێت و هەر لەوێش مەراسیمێکی بۆ ساز بکرێت.
نەجمەدین کەریم، ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و پارێزگاری پێشووی کەرکوک ٣١ی مانگی ڕابردوو – ئۆکتۆبەر – لە ئەمریکا گیانی لەدەستدا.
میدیاکانی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان بڵاویانکردەوە کە بڕیارە ئەمڕۆ ٦ی نۆڤەمبەر تەرمی نەجمەدین کەریم بگاتەوە کوردستان و لە پیرمام بەخاک بسپێردرێت.
نەجمەدین کەریم دوای ئەوەی لە رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ کەرکوکی جێهێشت، ڕووی لە هەولێر کرد، دوای ماوەیەکیش وازهێنانی خۆی لە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان راگەیاند.
لەسەروبەندی بانگەشەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کە ساڵی ٢٠١٧ بەڕێوەچوو، نەجمەدین کەریم پشتیوانیی پرۆسەکەی دەکرد و یەکێک بوو لە بانگەشەکارانی سەربەخۆیی و کەمپەینی "بەڵێ" ئەمەش وا لێکدەدرایەوە کە ناوبراو نزیکبووەتەوە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، دواتریش کە لە هەولێر نیشتەجێبوو و مایەوە ئەم گومانە زیاتر گەورە بوو.
سەرحەد قادر کە پێشتر بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناوحییەکانی دەوروبەری کەرکوک بوو، دوای گیان لەدەستدانی نەجمەدین کەریم لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاندبوو کە پێش گیان لەدەستدانی نەجمەدین کەریم گلەیی لە پارتی کردووە و نیگەرانبووە لەوەی کە وەکو پێویست گرنگییان پێ نەداوە.
نەجمەدین کەریم لەسەروبەندی رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ەدا، دووچاری ناکۆکیی بوویەوە لەگەڵ هەندێک بەرپرسی باڵای یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، دوای رووداوەکانیش یەکێک بوو لەو کەسانەی کە بە ئاشکرا باسی ڕۆڵی هەندێک بەرپرسی یەکێتی دەکرد لە رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەردا، ئەوەش پەیوەندی ئەوی لەگەڵ یەکێتی تێکدا.
دوای مردنیشی، یەکێتی ئامادە نەبوو سەرەخۆشی لە کەسوکار و بنەماڵەکەی بکات، مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە کە بۆ گیان لەدەستدانی هەر کەسایەتییەکی دیار، پرسەنامە بڵاودەکاتەوە، بۆ گیان لەدەستدانی نەجمەدین کەریم هیچ پرسەنامە و سەرەخۆشییەکی ئاراستەی کەسوکار و بنەماڵەی ناوبراو نەکرد و هاوسەرۆکانیش بەهەمان شێوە بێدەنگییان هەڵبژارد.
بەڵام جیا لەوان، هەریەک لە کۆسرەت ڕەسول عەلی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندیی و سیاسیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی کە هاوکات جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، پرسەنامەیان ئاراستەی خانەوادە و بنەماڵەی نەجمەدینکەریم کرد.
نەجمەدی کەریم ماوەی زیاتر لە ٥٠ ساڵە لە بواری سیاسەتدا کار دەکات، لەکاتی نەخۆشکەوتنی مستەفا بارزانییدا لە ناوەڕاست و کۆتایی دەیەی حەفتاکاندا، پزیشکی تایبەتی بارزانیی و بوو و لەگەڵی چوو بۆ ئەمریکا، دواتریش پزیشکی تایبەتی جەلال تاڵەبانیی بوو و لە کاتی نەخۆشکەوتنییدا لە ساڵی ٢٠١٢ ڕۆڵی گرنگی بینی.
زۆربەی تەمەنی لە ئەمریکا بەسەربردووە و جەند ساڵیک دوایی پرۆسەی ئازادیی عێراق -٢٠٠٣- گەڕایەوە کوردستان و بوو بە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و دواتر بوو بە پارێزگاری کەرکوک.
No comments:
Post a comment