پرس میدیا
سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ئەحمەد ساڵح، لە میانی پێشوازیکردنی لە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، جینین هێنیس پلاسخارد جەختی لە پێویستی فەراهەمکردنی پێداویستییەکانی هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد و ریشەکێشکردنی تیرۆر کردەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بەرهەم ئەحمەد ساڵح، پێشوازیی لە جینین هێنیس پلاسخارد کرد.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، لە میانی دیدارەکەدا جەخت لە پێویستی رێگەخۆشکردن و ئامادەکاری تەواو بۆ بەرێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد کراوەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا جەخت لە گرنگی هەماهەنگی نێوان کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان کراوەتەوە، تاوەکو رەنگدانەوەی راستەقینەی بژاردەی دەنگدەران بێت لە هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان دوور لە بەکارهێنانی هێز و ساختەکاری.
هەر لەو دیدارەدا جەخی لە گرنگی زیاترکردنی هەوڵە نیشتمانییەکان لە پێناو چەسپاندنی دەسەڵات و سەروەری دەوڵەت لە سەپاندنی یاسا و پارێزگاریکردن لە هاووڵاتیان و درێژەدان بە جەنگی دژ بە تیرۆر و ریشەکێشکردنی شانە نوستووەکانی داعش کە مەرامیانە ئاسایش و ئارامی تێک بدەن، کراوتەوە.
No comments:
Post a Comment