بەهۆی ململانێی نێوان پارتی و پەکەکەوە ژیانی ١٢ هەزار پەنابەر لە مەترسییدایە - پرس میدیا

إعلان فوق المشاركات

بەهۆی ململانێی نێوان پارتی و پەکەکەوە ژیانی ١٢ هەزار پەنابەر لە مەترسییدایە

بەهۆی ململانێی نێوان پارتی و پەکەکەوە ژیانی ١٢ هەزار پەنابەر لە مەترسییدایە



پرس میدیا 

"تەنها بۆئەوەی لە کەمپەکە بچنە دەرەوە، خۆتان نەخۆش دەخەن" فاتیمە کارا دەڵێت یەکێک لە کارمەندانی ئاسایشی بازگەی نێوان مەخمور – هەولێر ئەوەی پێ وتووە، کاتێک کە دووگیان بووە و دۆخی تەندروستی تێکچووە و ویستویەتی بچێتە هەولێر بۆ وەرگرتنی چارەسەر، بەڵام ڕێگریی لێکراوە و هەر لەوێ کۆرپەکەی لەبارچووە. 

ناوەڕاستی مانگی تەمووزی ساڵی ڕابردوو، فاتیمە کارا بە دووگیانی باری تەندروستی تێکچووە و سەردانی بنکەی تەندروستی ناو "کەمپی شەهید ڕۆستەم جودی" کردووە لە مەخمور، لەوێ بەهۆی کەمی دەرمان و ئامرازی تەندروستییەوە نەتوانراوە کارێکی ئەوتۆی بۆ بکرێت و پێی وتراوە دەبێت سەردانی هەولێر بکات. 

ئەو بە ئۆتۆمبێلێکی ئامبوڵانس، لەگەڵ چەند کەسێک لە بنەماڵەکەی ڕوویان لە هەولێر کردووە، لە بازگەی نێوان مەخمور و هەولێر ڕێگرییان لێ کراوە و ڕێگەیان پێ نەدراوە لە بازگەکە دەرباز بن. 

"پێم وتن کە نەخۆشم و دووگیانم، بەڵگەکانم پیشان دان، ئەو نوسراوەشم پیشاندان کە لە بنکە تەندروستییەکەی ناو کەمپەکە وەرمگرتبوو، بەڵام هەر ڕێگەیان نەدا، کارمەندی بازگەکە پێی وتین ئێوە هەرکاتێک بتانەوێ سەردانی هەولێر بکەن خۆتان نەخۆش دەخەن" فاتیمە ئەمەی بۆ ئاژانسی فورات نیوز گێڕاوەتەوە. 

دوای ئەوەی کە ڕێگرییان لێ دەکرێت، هەر لە بازگەکە فاتیمە لەهۆش خۆی دەچێت و هەر لەوێش کۆرپەکەی ناو سکی لەباردەچێت و تا ماوەیەکی زۆر دوای ئەوەش تەندروستی خۆی بە ناجێگیری دەمێنێتەوە. 

تەنها ئەو نییە، بەهۆی ئەو گەمارۆیەی خراوەتە سەریان تا ئێستا چوار ژنی دانیشتووی کەمپەکە دووچاری هەمان رووداو بوونەتەوە.

"کەمپی شەهید ڕۆستەم جودی" ساڵی ١٩٩٨ لە نزیک ناوەندی قەزای مەخمور لە باشووری پارێزگای هەولێر دامەزراوە، لە کەمپەکەدا ئەو کوردانە دەژین کە لە ساڵی ١٩٨٣ و ساڵانی دواییەوە بەهۆی ناکۆکی نێوان پەکەکە و حکومەتی تورکیا ئاوارە بوون. 

زیاتر لە سالێک پێش ئێستا لە ڕووداوی کوژرانی دپلۆماتکارێکی تورک لە ڕیستۆرانتی هۆقەباز، دوو کەس تۆمەتبارکران بە ئەنجامدانی تاوانەکە و لایەنە ئەمنییەکانی هەولێر ئاماژەیان بەوەکرد کە ئەو دوو کەسە دانیشتوی کەمپی مەخموورن، بەڵام ئیدارەی کەمپەکە ئەوە ڕەتدەکاتەوە و داوای بەڵگە دەکەن بۆ ئەوەی بسەلمێنرێت کە ئەنجامدەرانی تاوانەکە دانیشتووی کەمپەکەی ئەوان بن، لەدوای ڕووداوەکەوە، گەمارۆ خراوەتە سەر کەمپەکە و ئەو گەمارۆیە تا ئیستاش بەردەوامیی هەیە.

دانیشتوان و ئیدارەی کەمپەکە، پارتی دیموکراتی کوردستان و ئیدارەی هەولێر تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە گەمارۆیان خستونەتە سەر و باس لەوە دەکەن کە پلانی تورکیا جێبەجێ دەکەن. 

کرمانج عەبدوڵا بەرپرسی لقی ٢٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قەرەچووغ، ئەوە ڕەتدەکاتەوە، دەڵێت "کەمپەکە بووە بە سەربازگە و پەکەکە مەترسیی گەورەی بۆ ناوچەکە دروستکردووە بەهۆی کەمپەکەوە" لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی حزبەکەی وای وتووە. 

ئەو بەرپرسەی پارتی ئاماژەی بەوەشکردووە، کە بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆری چەکداری سەر بە پەکەکە لەناو کەمپەکەدا، ڕێکخراوە بیانییەکان ئامادە نین بچنە ناو کەمپەکە و کارە خێرخوازیی و مرۆییەکانیان بکەن، دەڵێت "ئەوە کێشەی بۆ کەمپەکە دروستکردووە نەک پارتی". 

بەڵام بێوار ئۆنڤێر بەرپرسی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی "کەمپی شەهید ڕۆستەم جودی" ئەوە رەتدەکاتەوە، دەڵێت "ئەوە بانگەشەی ئەردۆغانە و پارتی بە ئامانج وا دەڵێت بۆئەوەی ڕەوایەتی بدات بەو گەمارۆ و هێرشانەی دەیانکاتە سەر کەمپەکە". 

"کەمپەکەمان بەتەواوەتی لەژێر سزادایە، ڕێگە نادرێت نەخۆشەکانمان بچنە هەولێر چارەسەر وەربگرن، ڕێگە نادەن خوێندکارەکانمان کە لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەولێر و دەوروبەرین، بچن درێژە بە خوێندن بدەن، تەنانەت تا ئێستا پشکنینی کۆرۆنا لە کەمپەکەمان نییە و ڕێگەش نەدراوە بچینە هەولێر پشکنین بکەین، بۆیە نازانین کۆرۆنا بە چ ئاستێک لە کەمپەکەدا بڵاوبووەتەوە" بێوار ئۆنڤێر لە لێدوانێکدا بۆ پرس میدیا وای وت. 

ئەو پێشبینی دەکات کە لە داهاتوویەکی نزیکدا بە پیلانێکی نوێ پارتی و تورکیا هێرشی سەربازیی بۆ سەر کەمپەکە ئەنجامبدەن، دەڵێت "وەک چۆن سەرەتا مەولود چاوشئۆغڵۆ وتی سلێمانی بووەتە لانکەی تیرۆر و دواتر چەندین هێرشی ئاسمانیی کردە سەری لە چەند مانگی ڕابردوودا، ئاواش ئێستا بە ئێمە دەڵێن کەمپەکە بووەتە سەربازگە و بەوەش ڕەوایەتی دەدەن بە هێرشێک کە پلانیان بۆ داناوە، لە دۆخێکی ئاواشدا دەبێت ڕێکخراوەکان و بەتایبەتیش نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆڵ ببینێت، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ئەو ڕۆڵە نەبینراوە و نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بووە بە بەشێک لەو پیلانەی لەسەر کەمپەکە بەڕێوەدەچێت". 

"کەمپی شەهید ڕۆستەم جودی" زیاتر لە ١٢ هەزار کەسی تێدا دەژین، لەوانە نزیکەی ٣٠ کەس نەخۆشی شیرپەنجەیان هەیە، زیاتر لە هەزار کەسیش نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەکو فشاری خوێن و شەکرەیان هەیە، ئەوانە بەهۆی گەمارۆی سەر کەمپەکەوە بە ئەستەم دەرمانیان دەستدەکەوێت بۆ چارەسەر، ئێستا کە خوێندنی زانکۆکان دەستیپێکردووەتەوە، نزیکەی ١٦٠ گەنجی کەمپەکە کە خوێندکاری زانکۆ و پەیمانگاکانی هەولێر و دەوروبەرین، بێبەشبوون لە خوێندن، چوونکە ڕێگەیان پێنادرێت بچنە هەولێر. 

جیا لەو گەمارۆیەی کە خراوەتە سەریان، بەردەوام مەترسیی هێرشی ئاسمانیی فڕۆکەکانی تورکیایان لەسەرە و لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا زیاتر لە پێنج هێرشی ئاسمانیی کراوەتە سەرمپەکە و لە دواهەمینیاندا کە لە مانگی دووی ئەمساڵدا بوو سێ کەس لە دانیشتوانی کەمپەکە گیانیان لەدەستدا، بێجگە لەوەش تەنها لەم ساڵدا سێ جار چەکدارانی داعش هێرشیان کردووەتە سەر کەمپەکە، بەڵام لەلایەن هێزی چەکداری پاراستنی کەمپەکەوە هێرشەکان تێکشکێنراون. 

پرس میدیا زانیویەتی کە ئێستا لە دەوروبەری کەمپەکە، هێزی پاراستنی گەل -باڵی سەربازیی پەکەکە-  ئەرکی پاراستنی کەمپەکەی لەئەستۆیە نزیکەی ٣٠٠ چەکدار دەبن، بوونی ئەو چەکدارانە پارتی دیموکراتی کوردستان و حکومەتی هەرێمی نیگەرانکردووە، ئەمەش پەیوەندی بە ئاڵۆزییەکانی نێوان پارتی و پەکەکەوە هەیە کە لەم ماوەیەی دواییدا توندتر بوونەتەوە، پارتی ئەو هێزە بە مەترسی بۆ سەر خۆی دەزانێت، بەڵام بێوار دێنڤەر دەڵێت "ئێمە ناچارین خۆمان بپارێزین لە هێرشەکانی داعش و هەر هێرشێک کە دەکرێتە سەرمان، ئەگەر بە دەستی پارتی بوایە دەمێ ساڵ بوو کەمپەکە لەناوچوو بوو". 

بەهۆی ململانێی نێوان پارتی و پەکەکەوە، ئێستا ژیانی زیاتر لە ١٢ هەزار کەس لە دۆخێکی خراپدایە، بەهۆی ئەو گەمارۆیەی خراوەتە سەریان، چوونکە بژێوی ژیانی زۆرێک لەوخێزانانە لەسەر ئەو کارە بووە کە پیاوەکانیان لەدەرەوەی کەمپەکە کردوویانە و ئێستا ناتوانن بچنە دەرەوەی کەمپەکە و کار بکەن. 

تا ململانێی نێوان ئەو دوو لایەنەش توندتر دەبێتەوە مەترسیی سەر کەمپەکە و دانیشتوانەکەی زیاتر دەبێت و ڕوون نییە داهاتووی دانیشتوانی کەمپەکە چی دەبێت.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق

بابەتی پەیوەندی دار

إعلان اسفل المشاركات

ماڵپەڕی پرس میدیا

بەشە سەرەکیەکان

دواین هەواڵ

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

پرس میدیا - Prs Media

پرس ، دامە زراوەیەکی میدیایی پیشەیی ئازادە دەبێتە بڵند گۆ و ئاوێنەی دەنگ و ڕەنگە جیاوازە نەبیستراو و نەبینراوەکان کلتور و فەرهەنگ و هــونــەری نــیـشـتـمـانیـی دەپـارێـزێـت و خـــەمـــی هـەمـیـشەی چەسپاندنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیان دەبێت ، پرس میدیا مەبەستیەتی نـەوەی ئـێسـتـاو داهـاتـوی نـیـشـتـمان بە ئاگابێت لـەسـەرجــەم پـرس و پـێشهاتەکانی دەوروبەری دەیەوێت بەزمانێکی بابەتیانە ئەو نەوەیە بدوێنێت

2019 - PRSMEDIA.NET / ALL RIGHT RESERVED ©