پرس میدیا
بڕیارە ئەمرۆ هەردوو مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و پارتی لە بارەگای سەرۆكایەتیی هەرێم لە هەولێر كۆببنەوە.
دڵشاد شەهاب، راوێژكاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە میدیاكانی پارتی راگەیاندووە، ئەمرۆ دووشەممە ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ هەردوو مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كۆدەبنەوەو نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم سەرپەرشتی كۆبوونەوەكە دەكات.
بەپێی زانیارییەکانی پرس تەوەرەی سەرەکی کۆبوونەوەکە "کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی، بەشداری یەکێتی لە حکومەت، گفتوگۆی ستراتیژی یەکێتی و پارتی لەگەڵ پشکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە حکومەتی هەرێم" دەبێت.
راوێژكاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە، شاندەكەی یەكێتی بە سەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی و ئەندامییەتی چەند ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی دەبێت، شاندەكەی پارتیش بە سەرۆكایەتی هۆشیار زێباری و ئەندامێتی چەند ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی دەبێت.
ئەمە لە کاتێکدایە دوا کۆبوونەوەی یەکێتی و پارتی سێ مانگ لەمەوبەر لە دووکان بەڕێوەچوو، بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە هەردولا لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوانیان کۆکبوون.
No comments:
Post a comment