پرس میدیا
نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت سەردانی شاری کەرکووکی کرد و لەگەڵ پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت، راکان سەعید جبوری کۆبووەوە.
پلاسخارت دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ پارێزگاری کەرکووک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند: "لەگەڵ پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت چەند پرسێکمان تاوتوێ کرد لەوانە؛ پرسی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان لە کات و ساتی خۆیدا و گرنگی بەشداریکردنی سەرجەم پێکھاتەکان لە ھەڵبژاردنەکاندا، ئەمە دەرفەتێکی گرنگە لەبەردەم خەڵکی بۆ دیاریکردنی نوێنەری راستەقینەی خۆیان لە ناوچەکانی خۆیان".
پلاسخارت لەسەر کەیسی ئاوارەکان وتی: "دەبێت مەلەفی ئاوارەکان دابخرێت بەگەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان، هەروەها دەبێت خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیان بۆ فەراھەم بکرێت بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ زێدی خۆیان".
هەروەها لەسەر کەیسی ونبوەکان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی کەیسی ئەو ونبوانە چارەسەربکرێت و چارەنووسی ئەو کەسانە دیاری بکرێت.
وتیشی: "ئێمە رۆڵی نێوەندگیری لەنێوان پارێزگای کەرکووک و حکوومەتی ناوەندی دەبینین بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکانی کەرکووک و تەواوکردنی پرۆژەکان و خزمەتکردنی زیاتری پارێزگاکە".
No comments:
Post a Comment