پرس میدیا
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی فەرمییان لە دەسەڵاتدارانی ئیماراتەوە پێنەگەیشتووە لەبارەی راگرتنی پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی.
بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان، ئیمارات پێدانی ڤیزای هاتنەناوەوەی وڵاتەکەی بە هاووڵاتییانی ١٣ وڵات راگرتووە کە عێراق یەکێکە لەو وڵاتانە.
بەناوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەحمەد سەحاف لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە "بە فەرمی ئاگادارنەکراوینەتەوە لە رێککارەکانی ئیمارات لەبارەی راگرتنی پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتییانی عێراق".
ئەحمەد سەحاف راشیگەیاند، عێراق لەنێو لیستی ئەو وڵاتانە دایە کە ئیمارات بڕیاریداوە پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتییانیان رابگرێت و ئاماژەی بەوەشکرد کە وەزارەتەکەیان لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماتییەکانەوە بەداواچوون بۆ ئەو بابەتە دەکات و وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن داوای لە باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەبو زەبی کردووە بە داواچوون بۆ بابەتەکە بکات.
بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان، ئیمارات بڕیاریداوە بە راگرتنی پێدانی ڤیزای نوێ بە هاووڵاتییانی ١٣ وڵات کە زۆربەیان وڵاتانی عەرەبی و موسڵمانن کە بریتین لە؛ ئێران، سووریا، سۆماڵ، تورکیا، پاکستان، لوبنان، ئەفغانستان، جەزائیر، تونس، عێراق، کینیا، یەمەن و لیبیا.
راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاماژە بەوە دەدەن، بە گوێرەی ئەو بەڵگەنامەیەی کە ئیمارات ئاراستەی چەند کۆمپانییەکی کردووە، بڕیارەکە لە ١٨ی تشرینی دووەمەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و تاوەکو کاتێکی نادیار کاری پێدەکرێت.
No comments:
Post a comment