پرس میدیا
بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران ڕایگەیاند، رێگەی هاتوچۆکردنی گەشتیاران لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران ئاسایی بوەتەوە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا بەشی راگەیاندنی دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران رایگەیاندووە، ئەوانەی گەشت دەکەن، لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران یان بەپێچەوانەوە دەبێت پشکنینی کۆرۆنا ئەنجام بدەن.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە هاتووە پێویستە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کە دەیانەوێت سەردانی ئێران بکەن باوەڕنامەی پشکنینی کۆرۆنا و ڤیزای ئێرانیان هەبێت، هەروەها لەکاتی گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان دووبارە لەسەر سنوور پشکنینی کۆرۆنا بکەن.
هەروەها سەبارەت بە هاووڵاتیانی ئێرانی و بیانی، ئەوانەی دەیانەوێت سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن لەسەر سنوور لە دوای ئەنجامدانی پشکنینی کۆرۆنا و جێبەجێکردنی رێکارە تەندروستییەکان، دەتوانن بێنە هەرێمی کوردستان.
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە، دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بەڕووی هاتووچۆی گەشتیاراندا داخران.
No comments:
Post a comment