سەرۆککۆماری عێراق یاسای هەڵبژاردنەکانی پەسەند کرد - پرس میدیا

إعلان فوق المشاركات

سەرۆککۆماری عێراق یاسای هەڵبژاردنەکانی پەسەند کرد

سەرۆککۆماری عێراق یاسای هەڵبژاردنەکانی پەسەند کرد


پرس میدیا
بەرھەم ساڵح سەرکۆماری عێراق، یاسای نوێی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی پەسەند کرد و رایگەیاند بە ھیوای سازدانی ھەڵبژاردنی پاک و بێگەرد و دوور لەساختەکاری و دزینی دەنگی رەوای خەڵک.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردووەتەوە، بەرھەم ساڵح، ئەمڕۆ پینجشەممە ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ یاسای نوێی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی پەسەند کرد و رایگەیاند، بەپێی ئەرکی دەستوورییم یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقم پەسەند کرد. ئەوەش بە ھیوای سازدانی ھەڵبژاردنی پاک و بێگەرد و دوور لە ‌ساختەکاری و دزینی دەنگی رەوای خەڵک.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەرکۆماری عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە رێگەی راست بۆ چاکسازی راستەقینە، بۆ کۆتاییھێنان بە قەیرانی بژێوی خەڵک، بۆ گەڕاندنەوەی بەھای راستەقینە بۆ سیاسەت و دەسەڵاتداری، لە بوونی یاسا و رێسای ھەڵبژاردن دەست پێ دەکات کە رێگر بێت لە دزینی دەنگی رەوای خەڵک و زامنی ئەوە بکات حکوەمەت رەنگدانەوەی راستەقینەی دەنگ و ئیرادەی خەڵک بێت.

بەرھەم ساڵح راشیگەیاندووە، دزینی دەنگی ھاووڵاتیی و دزینی پارە و داھاتی گشتی پێکەوە گرێدراون و ئەمیان پێویستە بۆ ئەوەی تر، دووانەی چەوسانەوە و نانبڕین و حوکمی نادروست و گەندەڵکارن.

دەقی پەیامی سەرۆک کۆمار :

بەناوی خوای گەورە

ھاووڵاتییانی ئازیز

بە پێی ئەرکی دەستووریم یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقم پەسەند کرد. ئەوەش بە ھیوای سازدانی ھەڵبژاردنی پاک و بێگەرد و دوور لە ساختەکاری و دزینی دەنگی رەوای خەڵک.

کۆمەڵێ رەخنە و تیبینی لەسەر ئەم یاسایە ھەن و بێگومان دڵخوازی ھەمووان نییە، بەڵام سەرەتایەکی گرنگە بۆ چاکسازی و گۆڕانکاری و دەستەبەرکردنی بەشداری راستگۆیانەی خەڵک لە پرۆسەی سیاسیدا.

ئێستاش دوای پەسەندکردنی ئەم یاسایە، دەزگا پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت دەبێ پێویستییەکانی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد فەراھەم بکەن، لەوانەش تۆماری بایۆمەتری، و دەستبەرکردنی ھاوکاری و ھەماھەنگی کاریگەر لە نێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن بۆ چاودێری و سەرپەرشتی کردنی پرۆسەی ھەڵبژاردن و رێگرتن لە یاریکردن بە دەنگی خەڵک.

لێرەشەوە پێویستە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چاودێرانی ھەڵبژاردن و کۆی کۆمەڵگەش بەگشتی چالاک ‌و وشیار بن بۆ ئەوەی لە قۆناغی داھاتوودا رێگەنەدەن دەنگی راستەقینەی ھاووڵاتییان بدزرێت.

رێگەی راست بۆ چاکسازی راستەقینە، بۆ کۆتاییھێنان بە قەیرانی بژێوی خەڵک، بۆ گەڕاندنەوەی بەھای راستەقینە بۆ سیاسەت و دەسەڵاتداری، لە بوونی یاسا و رێسای ھەڵبژاردن دەست پێ دەکات کە ‌رێگر بێت لەدزینی دەنگی رەوای خەڵک و زامنی ئەوە بکات حکوومەت رەنگدانەوەی راستەقینەی دەنگ و ئیرادەی خەڵک بێت و لەرێگەی نوێنەرەکانیشیانەوە چاودێری حکوومەت و داھاتی گشتی بکەن و لەوانە بپرسنەوە کە گەندڵکار و کەمتەرخەمن. دزینی دەنگی ھاووڵاتیی و دزینی پارە و داھاتی گشتی پێکەوە گرێدراون و ئەمیان پێویستە بۆ ئەوەی تر، ئەمانە دووانەی چەوسانەوە و نانبڕین و حوکمی نادروست و گەندەڵکارن.

ھەر حکوومەتێک گەر بەرئەنجامی راستەقینەی ئیرادەی خەڵک نەبێت سەرکەوتوو نابێت، ھەر گەلێکیش حکوومەت و دەسەڵاتداران بەنوێنەری راستەقینەی خۆی نەزانێ، ئەمڕۆ بێت یان سبەی رێگایەکی تر دەدۆزێتەوە بۆ سەندنەوەی مافی زەوتکراوی. بۆیە رێگای راست بۆ گەل و حکوومەتیش ئەوەیە رێ لە دزینی دەنگی خەڵک بگیرێت و متمانە بگەڕێنەوە بۆ سیاسەت. ھیوادارم بەم یاسایە بتوانین بەشێک لە ئەم ئەرکە نیشتمانییە پیرۆزە جێبەجێ بکەین.

بەھیوای سەرکەوتن، ئێوەش ھاووڵاتییانی خۆشەویست ھەمیشە شاد و ئاسودە و سەرکەوتوو بن.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق

بابەتی پەیوەندی دار

إعلان اسفل المشاركات

ماڵپەڕی پرس میدیا

بەشە سەرەکیەکان

دواین هەواڵ

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

پرس میدیا - Prs Media

پرس ، دامە زراوەیەکی میدیایی پیشەیی ئازادە دەبێتە بڵند گۆ و ئاوێنەی دەنگ و ڕەنگە جیاوازە نەبیستراو و نەبینراوەکان کلتور و فەرهەنگ و هــونــەری نــیـشـتـمـانیـی دەپـارێـزێـت و خـــەمـــی هـەمـیـشەی چەسپاندنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیان دەبێت ، پرس میدیا مەبەستیەتی نـەوەی ئـێسـتـاو داهـاتـوی نـیـشـتـمان بە ئاگابێت لـەسـەرجــەم پـرس و پـێشهاتەکانی دەوروبەری دەیەوێت بەزمانێکی بابەتیانە ئەو نەوەیە بدوێنێت

2019 - PRSMEDIA.NET / ALL RIGHT RESERVED ©