پرس میدیا
دوو وەفدی جیای خەڵکی شنگال بۆ ڕەتکردنەوەی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ سەردانی بەغدا و سلێمانییان کرد و هەردوو وەفدەکەش بەدەستی بەتاڵ گەڕانەوە شنگال و دەستکەوتێکی فعلییان بەدەستنەهێنا.
٩ی مانگی ڕابردوو - ئۆکتۆبەر - ڕێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی ڕاگەیەنرا، کە پەیوەستە بە دۆخی شنگال، بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە هەردوولا هاوبەش دەبن لە جێبەجێکردنی بەندەکانی ڕێککەوتنەکەدا کە سەربازیی و ئیداریی و ئیاوەدانکردەوەن، بەڵام ئەو ڕێککەوتنە لەلایەن ئێزدییەکانی دانیشتووی شنگالەوە ڕەتکرایەوە.
دوای ڕاگەیەندنی ڕێککەوتنەکە، چەندین چالاکی و خۆپیشاندان لە شنگال دژی بەندەکانی ڕێککەوتنەکە بەڕێوەچوون و پاشانیش وەفدێکی باڵای ئێزدییەکانی سەردانی بەغدای پایتەختی عێراقی کرد و چەند کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و پەرلەمان و نوێنەری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیراندا ئەنجامدا.
قاسم خەڵەف یەکێک بوو لە ئەندامانی ئەو شاندەی سەردانی بەغدای کرد، بە پرس میدیای ڕاگەیاند "لەگەڵ پەرلەمانی عێراق کۆبووینەوە، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆبووینەوە، هەموویان ئاماژەیان بەوە دەکرد کە ئاگاداری ئەو ڕێککەوتنە نین".
"لە پەرلەمان پێیان وتین ڕێککەوتنەکەی نیوان کازمی و هەرێم رەتدەکەینەوە" خەڵەف وای وت، جەختیش دەکاتەوە "لایەنە شیعەکان زیاتر سوربوون لەسەر ڕەتکردنەوەی ڕێککەوتنەکە".
لەو سەروبەندەشدا، وەفدێکی ژنانی ئیزدی، بۆ هەمان مەبەست سەردانی سلێمانییان کرد و لەگەڵ چەندین لایەنی سیاسیی و ڕێکخراوی تایبەت بە مافەکانی ژنان کۆبوونەوە، سەبیحە سەبری وتەبێژی تەڤەری ئازادیی ژنانی ئێزدی، لەبارەی ناوەڕۆک و ئەنجامی کۆبوونەوەکانیان بۆ پرس میدیا دوا.
"لەگەڵ چەند لایەن و ڕێکخراوێک کۆبووینەوە، لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ ژنانی بزوتنەوەی گۆراندا داوامان لێکردن هەڵوێستیان هەبێت چوونکە ئەوان بەشێکن لە حکومەتی هەرێم و ڕێککەوتنەکەش بەناوی حکومەتی هەرێمەوە کراوە" وتەبێژەکەی تەڤگەری ژنانی ئێزدی وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد کە داوایان لە لایەنە سیاسییەکان کردووە لەڕێگەی فراکسیۆنەکانیانەوە لە پەرلەمانی عێراق هەوڵ بدەن ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکرێت.
ئێستا هەردوو وەفدەکە گەڕاونەتەوە شنگال، بەڵام پێناچێت هەوڵەکانی هیچ یەک لەوان بووبێتە هۆی ئەوەی هەنگاوێکی فعلیی بۆ ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە بێنێتەئاراوە.
قاسم خەڵەف دەڵێت "تا ئێستا لە ئەنجامی سەردانەکەدا بەداخەوە هیچ هەنگاوێکی عەمەلی و فعلیی نەنراوە، بۆیە ئێمە بڕیارمانداوە بە چالاکی و خۆپیشاندان ڕێگریی لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە بکەین، ئەگەر دەشیانەوێت بەشەڕ بگەڕێنەوە شنگال با بێن و تاقی بکەنەوە".
دوای ئەوەی هاوینی ساڵی ٢٠١٤ داعش پەلاماری شنگالی دا و پێشمەرگە لەوێ کشایەوە، ئێزدییەکان جینۆساید کران و بە سەدانیان لێ کوژرا و ڕفێنرا، ئەوانی دی ئاوارە بوون، دواتر هێزێکی پەکەکە هەندێک لە ئاوارەکانی پاراست و توانی بگەڕێتەوە شنگال و داعش وەدەربخات، پەکەکە تا ٢٠١٧ لە شنگال مایەوە و دواتر کشایەوە، ئێستا لە شارەکەدا حەوت جۆر هێزی چەکدار هەن، بەهێزترینیان بریتین لە یەبەشە –کە دەوترێت لە پەکەکەوە نزیکن- و حەشدی شەعبی کە سەر بە حکومەتی عێراقین.
No comments:
Post a comment