پرس میدیا
وتەبێژی حکوومەتی عێراق رایگەیاند، بەغدا پابەندە بە ناردنی ٣٢٠ ملیار دینارەکەی هەرێمی کوردستان و دەڵێت، ناکرێت جیاوازی بکرێت لەنێوان فەرمانبەرێک لە بەسرە و فەرمانبەرێک لە هەولێر.
ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، وتەبێژی حکوومەتی عێراق لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی کەناڵی ئەلعێراقییەی نیمچە فەرمی وتی، دەبێت بەغدا یان خەڵکی کوردستان وەکو بەشێک لە وڵاتی عێراق ببینێت یاخود بڵێت، کوردستان بەشێک نییە لە عێراق و با ئەزموونی ساڵی ٢٠١٧ دووبارەبکاتەوە.
سەبارەت بە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، وتەبێژەکەی کازمی رایگەیاند، ئەوان تاوەکو ئێستاش لەسەر بنەمای بودجەی ساڵی ٢٠١٩ پارە خەرجدەکەن، بەپێی ئەو بودجەش بەشی هەرێمی کوردستان مانگانە نزیکەی یەک ملیار دۆلارە، بەڵام لەبەرئەوەی پابەند نەبووە بە ناردنی رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت، هەروەها هەندێک پابەندیی دیکەی دارایی، هەربۆیە ئەوان ئەو بڕە داهاتە دەبڕن و تەنیا ٣٢٠ ملیار دینار دەنێرن.
وتەبێژەکەی مستەفا کازمی دووپاتیکردەوە، "نابێت قبووڵ بکرێت بەهۆی ناکۆکیی سیاسییەوە زیان بە فەرمانبەرانی هەولێر و سلێمانی بگات". هاوکات گوتیشی، بابەتی پاشکەوتکردنی ناچاری و دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
No comments:
Post a Comment