پرس میدیا
فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان و شەش پەرلەمانتاری ئەو فراكسیۆنە دوو بەیاننامەی جیاوازیان لەسەر پرسی مووچە بڵاوكردەوە.
ئەمڕۆ شەممە ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ فراكسیۆنی گۆڕان لە بەیاننامەیەکدا داوای کرد رێككەوتن لەگەڵ بەغداد بكرێت، لەبەرامبەردا شەش پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان هۆشداری دەدەن لە درووست بوونی قەیرانێكی گەورەتر ئەگەر لەگەڵ بەغداد رێكنەكەون و ئۆباڵەكەشی دەخە ئەستۆی لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەت.
دەقی یاداشتەکەی فراکسیۆنی گۆڕان:
بۆ بەرێز: سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان
بابەت: یاداشت
دۆخی خراپی دارایی و بژێوی خەڵک ،و ئەو ئاڵۆزی و مەترسیانەی دەرئەنجامی قەیرانەکان روی لە ھەرێمەکەمان کردوە پێویستە پەرلەمانی کوردستان حزورێکی جدی و رۆڵێکی کاریگەر بگێڕێت و بڕیاری چارەسەری لەبارەوە بدات بە تایبەتی ئەو کێشانەی کە پەیوەندی بە ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە ھەیە .فراکسیۆنی گۆران وەک ھەمیشە جەخت دەکاتەوە لە چارەسەری بەپەلە و گونجاو بۆ کۆتایی ھێنان بەو ڕەوشە دژوار و بێ ئومێدیەی خەڵک بۆیە پێویستە :-
١— راسپاردنی حکومەتی ھەرێم کە لە زوترین کات لیژنەی باڵای دانوستاندن بنێرێتە بەغدا و، رێکەوتننامەی ھەرێم و بەغدا واژۆ بکەن و ماف و شایستەدارایەکانی هەرێم و ئەرک و واجبات و نیازپاکی بسەلمێنن بە ڕون و ڕاشکاوی بەپێشاندانی ئامادەیی بە رێکەوتن لەسەر کەرتی نەوت و نیوەی داھاتی خاڵە سنورییەکان رێکەوتنێکی گشتگیر ئەنجام بدرێت.
٢—ئێمە لە فراکسیۆنی گۆڕان نیگەرانین لە خەمساردی ھەرێم بەرامبەر بە دابین کردنی موچە و بژێوی و ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ خەڵکی کوردستان .
٣—جەخت دەکەینەوە حکومەت دەبێ داھاتی ناوخۆیی و نەوتی و خاڵە سنورییەکان ڕێک بخاتەوە تا کۆتایی بەو دۆخە قەیراناویە ناھەموارە بێت کە ھەرێمەکەمان پێوەی گیرۆدە بوە ،دڵنیاین داھات رێکبخرێتەوە کێشەی موچە چارەسەر دەبێت .
٤—پەرلەمانی کوردستان شوێنی نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستانە ،شوێنی گفتوگۆ و بڕیاردانە ،بۆ چارەسەری گرفتەکانی خەڵک ،بۆیە بە پێویستی دەزانین خەمی خەڵک و گرفتەکان لە پێشەنگی بەرنامەکانی کاری پەرلەمانی بێت و دەرفەت بە فراکسیۆنەکان بدرێت بۆ دەربرینی راو بەرنامەو کارەکانیان.
فراکسیۆنی گۆڕان
٢٨/١١/٢٠٢٠
راگەیەندراوێک لە شەش پەرلەمانتاری کوردستانەوە.
هاونیشتیمانیانی کوردستان.
وەک هەموان دەزانین بە هۆی چەندین هۆکار و هەڵەی رابردو و ئێستای حوکمڕانی هەرێم، کوردستان لەناو قەیرانێکی گەورەدایە، ژیانی موچەخۆران و ھاوڵاتیان لە دۆخێکی خراپی بژێویدایە.
ئێمە وەک شەش پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان، داوا دەکەین کە پێویستە بە زوترین کات وەفدی حکومەتی ھەرێم بەپەلە بچێتە بەغدا، لەبەرامبەر دابینکردنی موچە و بودجەدا، ئامادەیی ڕادەستکردنی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل و نیوەی داھاتە فیدراڵیەکان بێت.
جەختش دەکەینەوە لەسەر ئەوەی پێویستە چاکسازی خێرا لە دۆسیەی نەوت و خاڵە سنوریەکان و باجدا بکرێت، بێ دواخستن و خۆدزینەوەی زیاتر.
وەک ئەرکی سەرشانمان بە رایگشتی رادەگەیەنین، ئەگەر ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی نەکرێت و ئەو گەندەڵیەی لە دۆسیەی نەوت و خاڵی سنوریدا ھەیە بەردەوام بێت، ھەرێمی کوردستان تووشی قەیرانێکی لەوەی ئێستا گەورە تر دەبێتەوە، و بەرپرسیاری سەرەکیش حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پێکهێنەرەکانیی ئەم کابینەیەن.
ئاشنا عەبدوڵا
شایان کاکە ساڵح
جەلال محەمەد
شیرین ئەمین
دابان محەمەد
عەلی حەمە ساڵح
No comments:
Post a Comment