پرس میدیا
باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، ستفین ھیکی رایگەیاند، ئیدانەی ئەو توندوتیژییە دەکات کە دژبە خۆپیشاندەران لە شاری ناسرییە و شارەکانی دیکەی عێراق ئەنجامدراوە.
ستفین ھیکی لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەری سەبارەت بە روودانی توندوتیژی و رووبەڕووبوونەوە لە نێوان لایەنگرانی سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر و خۆپیشاندەران لە پارێزگای زیقار باشووری عێراق نوسیوویەتی:
" ئیدانەی ئەو توندوتیژییە دەکەم کە دژبە خۆپیشاندەران لە شاری ناسرییە و شارەکانی دیکەی عێراق ئەنجامدراوە".
باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، ستفین ھیکی راشیگەیاندووە کوشتنی خۆپیشاندەران لە شاری ناسرییە یان شارەکانی دیکەی عێراق ھیچ پاساوێکی ھەڵنگرێت و نوسیوویەتی: " داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەم کە گیانی خۆپیشاندەرە ئاشتیخوازەکان بپارێزیت و دادپەروەریی بۆ قوربانیانی خۆپیشاندانەکانیش بەدی بھێنێت".
دوێنێ ھەینی لە میانی خۆپیشاندانەکانی شاری ناسرییە سەنتەری پارێزگای زیقار باشووری عێراق، رووبەڕووبوونەوە و پێکدادان لە نێوان لایەنگرانی سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر و خۆپیشاندەران روویدا و بەپێی دوایین ئامارەکان، پێنج کەس کوژراون و ٨٦ کەسی دیکەیش برینداربوون کە پێنجیان کارمەندی ئەمنیین".
No comments:
Post a comment