ئەمڕۆ شەممە ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ سەرچاوەیەکی پزیشکیی رایگەیاند، خۆپیشاندەرێک کەوتووەتە ژێر ئۆتۆمبێلێکی سەربە هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی ئاژاوەگێڕی لە شاری کوت ناوەندی پارێزگای واست و بەسەختی برینداربووە و دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت راشیگەیاند، خۆپیشاندەرێکی دیکەی بە بۆمبی گازی فرمێسکڕێژ کوژرا.
لەلای خۆیەوە، شاهێدحاڵەکان رایانگەیاندووە، هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی ئاژاوەگێڕی بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بە ئۆتۆمبێلەکانیان گەمارۆی گۆڕەپانی خۆپیشاندەرانیان لە ناوەڕاستی شاری کوت داوە و بە شەقامەکاندا بەدوای خۆپیشاندەران کەوتومن.
شاهێدحاڵەکان راشیانگەیاند، خۆپیشاندەرێک کەوتە ژێر ئۆتۆمبێلێکی ئەو هێزە ئەمنییە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا.
ئاماژەیان بەوەشدا کە خۆپیشاندەرێکی دیکەش بەهۆی بەرکەوتنی بۆمبی گازی فرمێسکڕێژ بەسەری، گیانی لەدەستدا.
هاوکات بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخی شڵەژاوی ئەمنی لە شارەکەدا، بڕیادراوە بە سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆ بەڵام دیار نییە لە کەیەوە بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت.
جێی ئاماژەیە، ئەمڕۆ شەممە خۆپیشاندەرێکی دیکە بەهۆی ئەوەی لەلایەن هێزەکانی ئەمنی لە گۆڕەپانی خۆپیشاندانەکان لە شاری کوت گەمارۆ درا، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستدا.
بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە میانی خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆ لە پارێزگای واست کوژران بەرزبووەوە و گەیشتە سێ کەس.
ئەم پێشهاتانە لە پارێزگای واست، دوای ئەوە هات کە دوێنی هەینی رووبەڕووبوونەوە لە نێوان لایەنگرانی سەرکردەی رەوتی سەدر و خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی حەبووبی ناوەڕاستی شاری ناسرییە ناوەندی پارێزگای زیقار روویدا و لە ئاکامدا پێنج کەس کوژران و ٨٥ی دیکە برینداربوون.
دوێنی هەینی، لایەنگرانی سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر بە چەک و داری پۆلیسی لە گۆڕەپانی حەبووبی لە شاری ناسريیە ناوەندی پارێزگای زیقار رووبەڕووی خۆپیشاندەران بوونەوە.
دوای ئەو رووداوانە، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بڕیاریدا بە دوورخستنەوەی فەرماندەی پۆلیسی زیقار، حازم وائیلی لە پۆستەکەی، هەروەها بڕیاریدا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە.
لەوەتەی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ـەوە خۆپیشاندان لە بەغدای پایتەخت و پارێزگاکانی دیکەی عێراق بەڕێوەدەچێت و بەهۆیەوە حکوومەتی پێشوو بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرا.
No comments:
Post a comment